قایمقامی دەربەندیخان: قوباد تاڵەبانی بەڵێنی داوە بە پارەی فرۆشتنی زەوییەک، پاڵاوگەی ئاوی قەزاکە تەواو بکات

08-02-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی دەربەندیخان رایگەیاند، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڵێنی داوە بە پارەی فرۆشتنی پارچە زەوییەک پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان تەواو بکات، کە لە ساڵی 2013ـەوە بەردی بناخەی دانراوە و تائێستا تەواو نەکراوە. 
 
ماوەی هەشت رۆژە بەشێک لە دانیشتووانی قەزای دەربەندیخان لەسەر شەقامن و ژمارەیەک داواکارییان هەیە. سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، داواکاریی خۆپێشاندەرانی دەربەندیخان کە نزیکەی هەشت رۆژە مانیان گرتووە بریتییە لە تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان و دابینکردنی ئاوی پاک و کارەبای 24 کاژێری.
 
قایمقامی دەربەندیخان گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 30 ساڵی رابردوودا نەیتوانیوە ئاوی پاک بۆ قەزایەکی 60 هەزار کەسی دابین بکات و نزیکەی 20 ساڵە خەڵکی شارەکە بە دەبە ئاوی خواردنەوە لە کانی و کارێزی گوندەکانی نزیک دەربەندیخان دەهێنن، چونکە ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەبێ پاڵاوتن دابەشدەکرێت و بەگوێرەی پشکنینەکانیش بە کەڵکی خواردنەوە نایەت.
 
پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان لە ساڵی 2013ـەوە بەردی بناخەی دانراوە. بە گوتەی قایقمامی شارەکە، تاوەکو ئێستا کۆمپانیای جێبەجێکار 55٪ـی پڕۆژەکەی تەواو کردووە. بودجەکەشی نزیکەی 19 ملیۆن دۆلارە، بەڵام تەنیا یەک پێشینە خەرجکراوە، کە چوار ملیۆن 500 هەزار دۆلار بووە، لە کاتێکدا کۆمپانیاکە بەهای زیاتر لە دوو هێندەی ئەو پارەیەی وەریگرتووە کاری کردووە.
 
قایمقامی دەربەندیخان گوتیشی، لەگەڵ نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەیان کردووە و پێیانڕاگەیێندراوە کە "کاک قوباد بەڵێنی داوە پارچە زەوییەک کە دەدرێتە وەبەرهێنەرێک، باجەکەی 20 ملیۆن دۆلارە، بەشێکی پارەکەی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان تەرخان بکرێت."
 
لەبارەی داواکارییەکانی دیکەی دانیشتووانی دەربەندیخان، سلێمان محەممەد گوتی: "داواکارییەکی دیکەیان ئەوەیە کە کارەباکەیان بکرێتە 24 کاژێری بە پێوەری زیرەک."
 
یەکێکی یەکێکی دیکە لە داواکارییەکان چاککردن و نۆژەنکردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی دەربەندیخانە، سلێمان محەممەد دەڵیت، "دانیشتووانی قەزاکە بەدەست خراپیی خزمەتگوزاریی تەندروستییەوە دەناڵێنن و لەدوای حەوت مانگ هەوڵدان، نووسراوی دروستکردن و چاککردنی هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی گشتیی دەربەندیخان لە وەزارەتی تەندروستییەوە رەوانەی وەزارەتی دارایی کراوە، چاوەڕوانین بە زوویی جێبەجێبکرێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.