بارزانی و حیزبی ئیسلامی لە سەر دەستێوەردانە دەرەكییەكان كۆبوونەوە

رووداو- هەولێر

بارزانی و ئەمینداری گشتی حیزبی ئیسلامی عێراق تاوتوێی ئایندەی پێكەوەژیانی پێكهاتەكان لە كەركووك و موسڵ دەكەن.


رۆژی 8-2-2016 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەیاد سامەڕائی ئەمینداری گشتی حزبی ئیسلامیی عێراق و شاندێكی یاوەری كۆبووەوە.

ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەكە و دوا گۆڕانكارییەكان و هەروەها ئەو تەحەدیاتەی لەبەردەم پێكهاتەكانی عێراقدا هەیە خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارەدا بیروڕا لەبارەی ئایندەی عێراق و چارەسەركردنی كێشەكان و هەڕەشەی گروپە تووندڕەوەكان و دەستێوەردانە دەرەكییەكان ئاڵوگۆڕ كرا.

ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوەشداوە كە لە كۆبوونەوەی بارزانی و سامەڕائی گفتوگۆ لە سەر كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ و قۆناخی دوای لەناوچوونی داعش و كاركردن بۆ لەیەك نزیككردنەوەی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بەتایبەت لە هەر دوو پارێزگای نەینەوا و كەركووك كراوە.