هەسەدە: تورکیا بە درۆن خەڵکی سڤیلی لە بەنداوی تشرین بۆردوومان کرد
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، "تورکیا لە رێگەی درۆنەوە ئەو خەڵکی سڤیلەی رۆژئاوای کوردستان دەکاتە ئامانج کە بەرەو بەنداوی تشرین دەچن و دەیانەوێت قەڵخانێکی مرۆیی لەو ناوچەیە دروست بکەن، تاوەکو رێگە لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر بەنداوەکە بگرن."
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2025) ناوەندی میدیایی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڵاویکردەوە "سوپای تورکیا لە رێگەی درۆنەوە، کاروانی هاووڵاتیانی سڤیلی کردووەتە ئامانج کە بەرەو بەنداوی تشرین لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری منبج دەچن."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەسەدە "لەئەنجامی هێرشەکەی تورکیا دا، شەهید و بریندار هەن."
ناوەندی میدیایی هەسەدە، راگەیاندووە، "بەنداوی تشرین، سەرچاوەی سەرەکیی ئاو و کارەبای خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریایە و خەڵکی زۆر لە ناوچەکانی دیکەوە بۆ مەبەستی رێگری لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو بەنداوە، بەرەو بەنداوەکە چوون، بەڵام لەلایەن تورکیاوە بە درۆن کراونەتە ئامانج."
بەر لەو هێرشە، هەسەدە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، مەترسی تەقینی بەنداوی تشرین هەیە، بەهۆی هێرشی بەردەوامی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سووریا کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات.
بەنداوی تشرین لەنێوان منبج و کۆبانێیە و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـیە. 80 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی تورکیاوە دوورە. لە ساڵی 1999ـوە کارەبای ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دابین دەکات، بەتایبەت سنوورەکانی شاری کۆبانێ، منبج و گوندەکانی دەوروبەریان.
نوێدەکرێتەوە...