چەند کەسێک لەسەر هێرشکردنە سەر هاونیشتمانییەکی هەولێر دەستگیر کران

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەولێر بە رووداوی گوت، چوار کەسیان لەسەر هێرشکردنە سەر رێباز سوورچی (رێباز مالکاول) دەستگیر کردووە.
 
رووداوەکە شەوی یەکشەممە بووە. کەسێک کە بە (رێباز ماڵکاول) ناسراوە، بە رووداوی گوت، نزیکەی کاژێر 09:00ـی شەو تەلەفۆنیان بۆ کردووە بە ناوی رێکلامکردن، دواتر بە چەند کەسێکەوە هێرشیان کردە سەری و لێیان دا.
 
رێباز سوورچی دەڵێت، "بە پیکاپێک منیان بردە گەڕەکی 32ی پارک، لای هەززە لایاندا، مێکزەمینێک هات رایانگرت و بوونە شەش کەس، بە هەموویان لێیان دام".
 
ئەو هاونیشتمانییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چالاکە و ڤیدیۆی زۆر بڵاودەکاتەوە. لەبارەی هێرشەکەوە گوتی، هێرشکارەکان پێیان گوتووە گوایە "جنێوم بە قاچاخچییەک داوە"، بۆیە زۆریان لێدا و دواتر بە مووس "سمێل و ریشیان پێ تاشیم".

 

 
 
دوای رووداوەکە، ئەو هاونیشتمانییە لە پۆلیس و ئاسایش سکاڵای کرد. بە رووداوی گوت، "هێرشکارەکان ناناسم و نازانم کێن، من لە سۆشیاڵ میدیا رێکلام دەکەم، گرانترین رێکلامی من بە 50 هەزارە، بە مەجەڵە ماستێکیش رێکلام دەکەم".