رووداو دیجیتاڵ
دوو سەرچاوەی وەزارەتی ناوخۆ رایانگەیاند، ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان تۆمار ناکرێن، چونکە مەرجەکانی تۆمارکردنیان تێدا نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2025 دوو سەرچاوە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە رووداویان گوت، "تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل بەگوێرەی مەرج و رێنوێنییەکان دەبێت. هەر ئۆتۆمبێلێک مەرجەکانی تۆمارکردنی تێدا نەبێت، تۆمار ناکرێت."
تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل بەگوێرەی بەیانی ژمارە 2ی ساڵی 2020 دەبێت، کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەرچووە و کۆمەڵێک مەرج و رێنوێنیی بۆ تۆمارکردن و هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل تێدایە.
سەرچاوەکانی رووداو دەڵێن، ئەو ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتایانەی ئێستا لە شارەکاندان، نازانرێت چۆن هێندراون و مەرجەکانیان تێدا نییە؛ بۆیە خاوەنەکانیان چاوەڕێی تۆمارکردن نەبن.
سەبارەت بە هەولێر و دهۆک، بە گوتەی ئەو سەرچاوانە، ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لەو دوو پارێزگایە نەماوە، ئەگەر هەشبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت.
بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانە، جگە لەوەی هیچ سەرەتایەکیان نییە، خوار مۆدێلن، کە بەگوێرەی خاڵی پێنجەم لە رێنوێنیی هاوردەکردن و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل، هێنانە ژوورەوەی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل تەنیا لە دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆ و دارایی هەرێمی کوردستانە.
بەگوێرەی داتاکانی هاتووچۆی سلێمانی، زیاتر لە 30 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە سلێمانی هەن.
رۆژی 3ی کانوونی یەکەمی 2024 لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی بڕیاری دا بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە و ئەوەش ناڕەزایەتیی خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی لێکەوتەوە. هەربۆیە رۆژی 7ی کانوونی دووەمی 2025 بەشێکیان خۆپێشاندانیان کرد و هەردوو سایدی شەقامی بەردەم باڵەخانەی پارێزگای سلێمانییان گرت.
سەرچاوەیەکیش لە ئاسایش بە رووداوی گوت، چەند کەسێک دەستگیر کراون بە تۆمەتی ئەوەی پێشێلی یاسای خۆپێشاندانیان کردووە و بە مادەی 10 لەو یاسایە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
مادەی 10 لە یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2010 تایبەتە بە رێکخستنی خۆپێشاندان لە هەرێمی کوردستان و هەر کەس پێشێلی بکات، سزا دەدرێت؛ دەکرێت بەندکردن بێت کە لە مانگێک زیاتر نەبێت یان بە پێبژاردن لە 50 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە 500 هەزار دینار زیاتر نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ