کۆمەڵێک رێکخراوی ئەمریکی نامەیەک لەبارەی رۆژئاوای کوردستان ئاراستەی جۆ بایدن دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵێک رێکخراوی ئەمریکی لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سووریا ناسراو بە سوپای نیشتمانیی سووریا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نامەیەک ئاراستەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2025، هەریەکە لە کۆمەڵەی دۆستانی ئەمریکا - کوردستان، یەکێتیی سریانیی ئەمریکی، هاوپەیمانیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەمریکی بۆ دیموکراسی، کۆمیتەی نیشتمانیی ئەرمەنیی ئەمریکا، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هیلینی ئەمریکا، دامەزراوەی بەرگریکردن لە کریستییانەکان، تۆڕی چالاکیی مەدەنی ئیسرائیلی–ئەمریکی و کۆڕبەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نامەیەکیان ئاراستەی بایدن کرد.
رێکخراوەکان لە نامەکەیاندا باسیان لە دۆخی شاری کۆبانێ کردووە و نیگەرانیی خۆیان لەبارەی جموجووڵی گرووپە چەکدارەکانی ناسراو بە سوپای نیشتمانیی سووریا لەو سنوورە دەربڕیوە.
لە نامەکەدا هاتووە: "داوا لە ئیدارەی بایدن دەکەین هەنگاو بنێت بۆ راگرتنی هێرشەکانی سوپای نیشتمانیی سووریای پاڵپشتیلێکراو لەلایەن تورکیا بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر."
رێکخراوە ئەمریکییەکان داوا دەکەن، "ئەگەر تورکیا لە پێشێلکارییەکان"ی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بەردەوام بێت، ئەمریکا سزای بەسەردا بسەپێنێت؛ هەروەها ئاماژە بەوەش دەکەن، سوپای نیشتمانیی سووریا تاوانی جەنگ و پێشێلکارییان ئەنجام داوە.
رێکخراوە ئەمریکییەکان کۆپییەکی نامەکەیان بۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ناردووە.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: "هەژموونە ئیمپیریالیستییەکانی تورکیا لە سووریا متمانەپێکردنی ئەو وڵاتە وەک هاوبەشێکی ناتۆ تێکدەدات و پرسیار دەخاتە سەر پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی"؛ هەروەها دۆخی حەلەب و منبجیش لە نامەکەدا باسیان لێوە کراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی ئەو ناوچانە بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە 100 هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر ببن.
رێکخراوە ئەمریکییەکان لە نامەکەیاندا داوا دەکەن، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا دەستبەجێ ئەم چەند خاڵە جێبەجێ بکات.
1. ئاگربەستێکی بەردەوام فەراهەم بکات کە تێیدا دان بە پێگەی خۆبەڕێوەبەری و یەکپارچەیی خاکی بەڕێوەبەرایتی خۆسەر بنێت؛ هەروەها کۆتایی بە بەهێزکردن پێگەی سەربازی تورکیا لە دەورووبەری کۆبانێ و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بهێنێت.
2. پاڵپشتییەکانی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوام بێت و لەڕووی هەواڵگری، سەربازی و راوێژپێدانەوە یارمەتییەکانی بۆ هەسەدە بەردەوام بێت.
3. سزای تووند بەسەر تورکیا بسەپێنێت، ئەگەر سوور بوو لەسەر ئەوەی هێرش بکاتە سەر کۆبانێ و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد.
4. پارێزگاری لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی سووریا بکات، لەنێویاندا عەلەوییەکان، دروزەکان، کوردەکان، تورکمان، ئێزدییەکان و کریستییانەکان.
5. بەردەوام بێت لەوەی دەستەی تەحریری شام وەکو گرووپێکی تیرۆریستی بناسێنێت، تاوەکو دەستەکە پابەند دەبێت دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان و مافەکانی پێکهاتەکان.