رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی پێنج کەسی بە تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر و دزینی ماتۆڕسکیل راگەیاند، کە چوار پیاو و ئافرەتێکن.
چوارشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2025، کارزان ساڵح، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ هێزەکانمان توانییان باندێکی پێنج کەسی بە ناوەکانی (ئا. ح. ص؛ ئا. ح. م؛ ئا. م. ر؛ د. م. ح و ش. ع. خ) بە تۆمەتی دزینی ماتۆڕسکیل و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیر بکەن، کە چواریان پیاو و یەکێکیان ئافرەتە و سەرجەمیان دانیشتووی هەولێرن."
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، "ئافرەتەکە بێکەسە و پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵ یەکێک لە تۆمەتبارەکان هەبووە، کە دواتر ئەویش بووە بە بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر، تۆمەتبارەکان دانیان بەوەدانا کە رۆژانە کاتێک دەچوون بۆ دزی، ئافرەتەکەیان لەناو کابینەیەکدا جێدەهێشت و دەرگایان لەسەر دادەخست تاوەکو کاتی گەڕانەوەیان."
بە گوتەی کارزان ساڵح، سێ لە بەکارهێنەرەکان کوردی رۆژئاوای کوردستانن و دووانەکەی دیکەش خەڵکی هەولێرن. گوتیشی: "پەڕاوی لێکۆڵینەوەمان بۆ سەرجەم تۆمەتبارەکان کردووەتەوە و رادەستی دادگەمان کردوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ