دوو بۆڕیی پڕۆژەی ئاوی بێخاڵ لە سۆران بەهۆی داڕمانی بەشێکی چیاوە شکاون

رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی داڕمانی بەشێکی چیای بێخاڵەوە، دوو بۆڕیی پڕۆژەی ئاوی بێخاڵی سۆران لە شەش شوێنەوە شکاون، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دەڵێت، ئەمڕۆ چارەسەری گرفتەکە دەکەن و ئەو گەڕەکانەی سوود لە ئاوی بۆڕییەکان وەردەگرن، بێئاو نابن.
 
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، 07-01-2024، بەهۆی داڕمانی بەشی چیایەک لە رێگەی بێخاڵ لە سۆران، دوو بۆریی سەرەکیی پروژەی ئاوی بێخاڵ کە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی 14 گەڕەکی قەزاکەن، لە شەش شوێنەوە شکان و بەهۆیەوە دابەشکردنی ئاو لە گەڕەکەکان بە شێوەیەکی کاتی وەستاوە.
 
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە نزیک شوێنی رووداوەکە قسەی بۆ ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ''هەر لە بەیانییەوە تیمەکانمان سەرقاڵی دروستکردنی بۆرییەکانن و هەوڵ دەدرێت تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ کێشەکە چارەسەر بکرێت.''
 
هەڵگورد شێخ نەجیب ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاوی سۆران قسەی کردووە کە چارەسەری بێئاویی گەڕەکەکان بکرێت و گوتیشی، ''ئەمڕۆ رێگە نادەین ئەو گەڕەکانەی کە سوود لە ئاوی بۆڕییە شکاوەکان وەردەگرن، کێشەی دابەشکردنی ئاویان هەبێت.''
 
ئەندازیار تەحسین سەعدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران لەوبارەوە بە رووداوی گوت، ''ئەمڕۆ دابەشکردنی ئاوی هەندێک لە گەڕەکەکانمان خستووەتە سەر سەرچاوەی دیکە و رەنگە تاوەکو ئێوارەش کێشەکە چارەسەر بکەین و پڕۆسەی دابەشکردنی ئاو دەستپێبکەینەوە.''
 
لە سۆران سێ پرۆژەی ئاو هەن کە یەکێکیان پرۆژەی بێخاڵە و ساڵی 2009 دروستکراوە و لە کاژێرێکدا 1800 مەتر سێجا ئاو دەدات. ئەم پرۆژەیە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی تێدا بەکارهێندراوە و ئاوەکە دەپاڵێوێت و ئاوی 14 گەڕەکی سۆران دەدات.