21 پارێزەر: خۆبەخشانە بەرگری لەو نانەوایە دەکەین کە لە هەولێر دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسێکی ئیداریی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئەو کاسبکارە دەستگیرکراوە کە ئەمڕۆ لە گردبوونەوەیەکدا لە شاری هەولێر ناڕەزایی لە دژی هەرزانکردنی نرخی نان دەربڕیبوو، "چونکە شێوازی دەربڕینەکەی ناشرین بووە و قسەی بە شارێک گوتووە". 21 پارێزەریش ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ ئەوەی بەبێ بەرامبەر بەرگری لێ بکەن.
 
شەوی دووشەممە 08-01-2024، بەرپرسێکی ئیداریی پارێزگای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "بەڵێ راستە ئەو نانەوایە دەستگیرکراوە، چونکە شێوازی دەربڕینەکەی ناشرین بووە و قسەی بە شارێک گوتووە". ئەو بەرپرسە ئیدارییە گوتیشی، "پێدەچێت ئەو کەسە لەسەر سکاڵای داواکاریی گشتی دەستگیرکرابێت."
 
شەوی دووشەممە 8-1-2024، یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران، لەبارەی دەستگیرکردنی کاسبکارێک بەناوی ئیدریس مەسعود، کە نانەوای هەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە سبەی بەدواداچوونی بۆ دەکەین و بزانین چەند کەسن ئەوانەی دەستگیرکراون و بۆچی دەستگیرکراون، تاوەکو ئێستا هیچ لەبارەیانەوە نازانین".
 
هاوکات ئاسۆ هاشم، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی خۆبەخش ئەوانەی ئامادەییان بۆ بەرگریکردن لە نانەوا "ئیدریس مەسعود" دەربڕیوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا بەندە و 20 پارێزەری دیکە ئامادەییمان بۆ بەرگریکردن لەو نانەوایە دەربڕیوە، کە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر قسەی کرد، چونکە مومارەسەی مافێکی یاسایی و دەستووری کردووە و هیچ شتێکی خراپی نەکردووە."
 
لەلایەکی دیکە، لەسەر ئاستی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو نانەوایە دەرکردووە و تێیدا هاتووە، "لە هیچ دەوڵەتێکی دونیادا نییە کەسێک تەنیا لەبەر دوو وشە کە بەهۆی سەختی ژیانی هاواری لێ بەرز دەبێتەوە سزابدرێت، بەرتەسک کردنەوەی ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی ترسناک کە هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە".
 
دەشڵێت، "دەستگیرکردنی ئەو هاوڵاتییەی ئەمڕۆ توڕەیی خۆی دەربڕی کە پیشەی نانەوایە و هەر هاوڵاتیەکی دیکەش کە تەنیا بە قسە نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت، شەرمەزار دەکەین و دەخوازین هەرچی زووە ئەو گەنجە ئازاد بکرێت".
 
ئەم هەفتەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نرخی نان هەرزان دەکرێت و 10 نان دەبێتە هەزار دینار.
 
رۆژی دووشەممە 08-01-2024 دلاوەر موحسین، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەمونخانەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوێنێ لە قایمقامیەتی هەولێر کۆبووینەوە و بەڵێن دراوە لیترێک گاز، کە ئێستا لە بازاڕەکان بە 590 دینارە، ئەوان بە 300 دینار دابینی بکەن و ئاردی داسیش کە ناوخۆییە و ئێستا بە 34 هەزار دینارە، بە 30 هەزار دینار و کەمتریش بۆمان دابین دەکەن."
 
پێشتر لە هەولێر 10 سەموون بە 1000 دینار بوو، بەڵام کێشی هەر سەموونێک 80 گرام بووە. سەرۆکی ئەنجوومەنی سەموونخانەکانی هەولێر دەڵێت، "تاوەکو ئێستا گازمان بەدەست نەگەیشتووە، بەدەستمان گەیشت پابەندی بڕیاری حکومەتین، بەڵام لە ئەگەری دابیننەکردنی گاز و هەرزاننەکردنی ئارد، ئەوە پابەند نابین."