هەرێم کەمال ئاغا: هیچ پەرلەمانتارێکی کورد واژۆی بۆ دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هیچ پەرلەمانتارێکی کورد واژۆی نەکردووە بۆ کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.
ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق لە دوای بۆردوومانەکەی ئەمریکا لە بەغدا و کوژرانی بەرپرسێکی باڵای حەشدی شەعبی دەستیان بە کۆکردنەوەی واژۆ کردووە بۆ ئەوەی پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی نائاسایی بکات و بڕیاری کۆتایی لەبارەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بدات لە عێراق.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی، "سبەی کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کاری داهاتووی پەرلەمان، کاری لەپێشینەی پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانە و بەبێ سەرۆک هیچ پڕۆژەیاسایەک تێناپەڕێت، پێویستە لایەنە سوننەکان هەوڵەکانیان چڕکەنەوە بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان".
هەرێم کەمال ئاغا ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا 53 واژۆ بۆ دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی عێراق کۆکراوەتەوە و پێشتریش چەند هەوڵێکی لەو جۆرە هەبووە و ئەمە یەکەم هەوڵ نییە لەوبارەیەوە، هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر داوای حکومەتی فیدراڵی لە عێراق ماونەتەوە، هیچ پەرلەمانتارێکی کورد واژۆی لەسەر یاداشتەکە نەکردووە بۆ کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی عێراق.
هەرێم کەمال ئاغا، پێیوایە عێراق پێویستی بە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەیە و تاوەکو ئێستا چەندین هۆکار بۆ پێشێلکردنی سەروەریی عێراق هەیە و چەندین مەترسی لەسەر عێراق هەیە، نابێت عێراق بچێتە نێو کێشمەکێشی ناوچەیی و بەتایبەت ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، پێویستە بابەتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمان بەپێی خشتەیەک و بە رێککەوتنی سیاسی بێت.
رۆژی شەممە، 06-01-2024، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی مووچە سەردانی بەغدای کرد. شاندەکە پێکدێت لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوونی هەرێمی کوردستان.
لەبارەی سەردانی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چەند پرسێک لە بەغدایە لەو پرسانەش گرفتی مووچە، گەڕاندنەوەی قەرزەکان و بابەتەکانی پەیوەست بە نەوت گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.
هەرێم کەمال ئاغا دەڵێت، "هاوسۆزی و هاودەنگی بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەیە، گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا قۆناخی باشی بڕیوە، ئەو بڕە پارەیەی بۆ مووچە دانراوە لە یاسای بودجە گرفتی نییە، تەنیا پێویستە لە 'ئینفاقی فیعلی' جیابکرێتەوە، هیچ لایەنێک دژی ئەوە نییە هەمواری یاسای بودجە بکرێتەوە و گرفتی مووچەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت".
سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەکاتێکدایە، تائێستا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگ (10، 11 و 12)ی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، چارەنووسی مووچەی ئەم ساڵیش تائێستا ناڕوونە.