لە نۆ مانگدا بە بەهای 129 ملیۆن دۆلار کاڵا لە دەروازەی کێلێ هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە

08-01-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گومرکی سەردەشت لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە نۆ مانگی رابردوودا بە بەهای زیاتر لە 129 ملیۆن دۆلار کەلوپەل هەناردە کراوە، بە تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی دووشەممە، 8ی کانوونی دووەمی 2024، مەجید غولامنەژاد، بەڕێوەبەری گومرکی سەردەشت رایگەیاند، لە 21-03-2023 تاوەکو 21-12-2023، 362 هەزار تۆن کەلوپەل، کە بەهاکەیان 129 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار بووە لە رێگەی دەروازەی سنووریی کێلێ هەناردە کراوە.
 
مەجید غولامنەژاد گوتی، بەراورد بە ساڵی 2022، ئاستی هەناردەی کەلوپەل لە دەروازەی سنووریی کێلێ 72٪ بەرزبووەتەوە. گوتیشی، زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی لەو سنوورەوە هەناردە کراون، بریتین لە کاشی، سیرامیک، ئاسن، شیش، سەوزە و میوە.
 
سەبارەت بە قەبارەی هاوردەکردن لەو دەروازە سنوورییەش، بەڕێوەبەری گومرکی سەردەشت رایگەیاند، لە ماوەی ئەو 9 مانگەدا 102 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 2 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار لەو دەروازە سنوورییەوە هاوردە کراوە، کە زۆربەی کەرەستەی ناوماڵ و  کارەبایی بووە.
 
بەگوتەی مەجید غولامنەژاد، هەناردەکردنی کەلوپەل لە دەروازەی سنووریی کێلێ بەرەو زیادبوونە و داوای لە بازرگانان کرد، بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلیش سوود لەو دەروازە سنوورییە وەربگرن.
 
بەڕێوەبەری گومرکی سەردەشت گوتیشی، ساڵی رابردوو بۆ یەکەمین جار رێگە درا ترانزیتی کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووریی کێلێی سەردەشتەوە هەبێت و ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی چاڵاکی بازرگانی لەو دەروازە سنوورییە.
 
دەروازەی سنووریی کێلێ دەکەوێتە سەر سنووری هەرێمی کوردستان و لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە تەنیا 18 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری سەردەشتەوە دوورە، هەروەها لە دیوی باشووری کوردستانیشەوە تەنیا 17 کیلۆمەتر لە شاری قەڵادزێ دوورە. 
 
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ئاماری فەرمیی گومرکی ئێران، لە 9 مانگی رابردوودا هەناردەی ئەو وڵاتە بۆ عێراقیش زیاد بووە و گەیشتووەتە نزیکەی 7 ملیار دۆلار.
 
محەممەد رەزوانیفار، سەرۆکی ئیدارەی گومرگەکانی ئێران دوێنی یەکشەممە، 7ی کانوونی دووەمی 2024 رایگەیاند، لە 21ی ئادار تاوەکو 21ی کانوونی یەکەمی 2023، عێراق دووەم گەورەترین هاوردەکاریان بووە و بایی 6 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار کاڵایان هەناردەی ئەو وڵاتە کردووە.
 
بەپێی ئاماری رێکخراوی پەرەپێدانی بازرگانیی ئێران، بەراورد بە نۆ مانگی ساڵی پێشووتر، قەبارەی هەناردەی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ عێراق 15٪ زیادبووە.
 
ساڵی دارایی نوێی ئێران لە 21ی ئاداری هەموو ساڵێک دەستپێدەکات؛ بەوپێیە، ئەو ماوەیە دەکاتە نۆ مانگی سەرەتای ساڵی دارایی وڵاتەکە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە