ئەگەر لە سلێمانی و هەڵەبجە دەوام بکرێتەوە 109 رۆژ دەخوێندرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی نووسراوێکی تایبەت بە ساڵنامەی خوێندنی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەکانی کردووە بۆ ئەوەی لە سێشەممەوە، 9ـی کانوونی دووەم، قوتابخانەکان بکرێنەوە.
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، جیاوازیی کاتەکانی خوێندن لەو پارێزگایانەی کە بایکۆتی خوێندنیان تێدا کراوە "ئەگەر خوێندن دەستپێبکاتەوە"، نیوەی ئەو کاتانەیە لەو پارێزگایانەی خوێندنیان تێدا بەردەوام بووە.
 
بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێر لە پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "لە هەر وەرزێکی خوێندندا نزیکەی دوو مانگ دەخوێنین، هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ئەم ساڵی خوێندن نەفەوتێت."
 
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی نووسراوێکی تایبەت بە ساڵنامەی خوێندنی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەکانی "رۆژهەڵات، رۆژئاوا، شارباژێر، شارەزوور، قەرەداخ، سەیدسادق، دووکان، چەمچەماڵ، دەربەندیخان، پێنجوێن" کرد.
 
ساڵنامەکە بەمشێوەیەیە:
 
- 9-1-2024 تاوەکو 4-3-2024، دەوامی وەرزی یەکەم دەبێت.
 
- 9-3-2024 تاوەکو 19-3-2024، تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم دەبێت و لەسەر 80 نمرە دەبێت.
 
- 24-3-2024 تاوەکو 16-5-2024، دەوامی وەرزی دووەم دەبێت.
 
- 19-5-2024 تاوەکو 30-5-2024، تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی دووەم دەبێت و لەسەر 80 نمرە دەبێت.
 
- لە هەردوو وەرزەکەدا دوو هەڵسەنگاندن دەکرێت لە ماوەی خوێندنی وەرزەکە، بۆ هەر هەڵسەنگاندنێک 10 نمرەیە لەبری 20 نمرە.
 
- بۆ تاقیکردنەوەی نیوەی هەر وەرزێک نمرەی تاقیکردنەوەی وەرز دابەشی 4 دەکرێت.
 
- 20 نمرە بۆ نیوەی وەرز دادەنرێت، 60 نمرە بۆ کۆتایی وەرز.
 
- پۆلی نۆی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە، وەزارەتی پەروەردە کاتی تاقیکردنەوەکان و درێژکردنەوەی دەوام دیاری دەکات.

 

 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، بۆ هەردوو ساڵنامەکە، واتە ئەو ساڵنامەیەی تایبەتە بە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک کە بایکۆتی خوێندنیان تێدا نەکراوە، لەگەڵ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کە لە سەرەتای ساڵی خوێندنی 2023-2024 خوێندنیان تێدا بایکۆتکراوە، تەواو جیاوازە، لە هەردوو وەرزی خوێندن لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نزیکەی 215 رۆژ خوێندن هەیە، بەڵام ئەگەر خوێندن دەستپێبکاتەوە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە هەردوو وەرزی یەکەم و دووەمەوە 109 رۆژ خوێندن دەکرێت.
 
- خوێندنی وەرزی یەکەم لەو شوێنانەی کە دەوامی تێدا کراوە:
 
لە رۆژی 13-9-2023وە دەوام دەستیپێکردووە و تاوەکو رۆژی 25-12-2023 کە دەکاتە زیاتر لە 102 رۆژ دەوامکردن بەبێ تاقیکردنەوە.
 
- لەو شوێنانەی بایکۆت هەبووە:
 
 لە رۆژی 9ـی کانوونی دووەم دەستپێدەکات تاوەکو 4ـی ئاداری 2024، کە دەکاتە 55 رۆژ دەوامکردن.
 
خوێندنی وەرزی دووەم لەو شوێنانەی کە دەوامی تێدا کراوە:
 
لە رۆژی 21-1-2024ـەوە وەرزی دووەم دەستیپێدەکات و تاوەکو رۆژی 12-5-2024 کە دەکاتە زیاتر لە 113 رۆژ دەوامکردن بەبێ تاقیکردنەوە.
 
- لەو شوێنانەی بایکۆت هەبووە:
 
لە رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئاداری 2024 دەستپێدەکات تاوەکو 16ـی ئایاری 2024، کە دەکاتە 54 رۆژ دەوامکردن.
مامۆستا لەتیف حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێر لە پارێزگای سلێمانی، رۆژی دووشەممە، 8-1-2024، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "راستە ماوەکانی خوێندن بۆ نزیکەی دوو مانگ لە هەر وەرزێکدا کەمکراوەتەوە، پرۆگرامەکانی خوێندنیش پوختکراوە و دابەشدەکرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەم ساڵی خوێندن نەفەوتێت کە ئێمە هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە."
 
ئەو نووسراوەی پەروەردەی سلێمانی لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا بایکۆتی مامۆستایانی ناڕازی و وانەبێژان لە سنووری پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بەردەوامە.
 
لە 13-9-2023، ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەهۆی بایکۆتەوە دەوام دەستیپێنەکردووە و بڕیارە رۆژی سێشەممە، 9ـی کانوونی دووەم دەستپێبکات، مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان ناچنە ناوەندەکانی خوێندنەوە، بەڵام رۆژی یەکشەممە، 07-01-2024، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، داواکاریی مامۆستایان جێبەجێ دەکەن، کە ئەوانیش پلەبەرزکردنەوە و بە گرێبەستکردنی وانەبێژانە.
 
لە 13-09-2023ـەوە ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 دەستیپێکردووە، بەڵام مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە.