لە مەلەتیی باكووری کوردستان بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.4 پلە روویدا
رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی پەتەرگەی سەر بە پارێزگای مەلەتیی باکووری کوردستان، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.4 پلەی رێختەر روویدا.
بەگوێرەی دەزگای ئافاد بوومەلەرزەکە کاژێر 16:19ی ئەمڕۆ دووشەممە، 8-1-2024، لە ناوچەی پەتەرگە و دەوروبەری لە پارێزگای مەلەتی هەستی پێکراوە. ئافاد هەروەها بڵاویکردەوە، گوڕی بوومەلەرزەکە بە 4.4 پلەی رێختەر تۆمارکراوە.
قووڵایی بوومەلەرزەکە 9.6 کیلۆمەتر بووە و هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە. تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک لەبارەی زیانی ماڵی بڵاونەکراوەتەوە.
پسپۆران هۆشداری لەبارەی بوومەلەرزەیەکی سەروو 7 پلەی رێختەر دەدەن؛ دوای ئەوەی رۆژی 1-1-2024، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 لە پارێزگای دێرسیمی باکووری کوردستان روویدا، ناجی گۆرور کە پرۆفیسۆر و شارەزای کەشناسی و بوومەلەرزەزانییە لە تورکیا، هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە.
گۆرور لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "هاوڕێیان، لە سولەیمان ئوشاغیی پلەمور بوومەلەرزەیەکی 4.2 رێختەری روویدا. ئەم بوومەلەرزەیە لەسەر پلێتی یەدیسو روویداوە کە زۆرترین ترسمان لێی هەیە و زۆرترین سەرنجمان لەسەریەتی. ئەو پلێتە ئامادەی شکان و دروستکردنی بوومەلەرزەیەکی سەروو 7 پلەی [رێختەریە]. من ماوەیەکە سەرنجم لەسەر تونجەلی و پلەمورە. تەنانەت ئەم بەیانییە باسمکرد. پێویستە سەرنجەکان بخرێنە سەر دانیشتووانی ئەو ناوچەیە و رێکاری پێویست بگیرێتەبەر. دەبێت وابکرێت، شارەکان بەرگەی بوومەلەرزە بگرن".
ناجی گۆرور ماوەی زیاتر لە شەش مانگە حکومەتی تورکیا لە مەترسییەکانی بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە ئیستەنبووڵ ئاگادار دەکاتەوە. لەم ماوەیەشدا زیاتر ئاماژە بە شارەکانی باکووری کوردستان ، بەتایبەتیش جۆلەمێرگ و دێرسیم دەکات.
رۆژی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەیان لە مەرەش بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند. بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی تورکیا، لە هەردوو بوومەلەرزەکەدا زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.