لە دهۆک کارکردن لە فراوانکردنی سیستمی کارەبایی پریپەید راگیرا

08-01-2024
ناسر عەلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کارکردن لە فراوانکردنی سیستمی کارەبایی نیشتمانیی پریپەید لە سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە راگیرا، سەرپەرشتیاری کارەبای پریپەیدی دهۆکیش دەڵێت، ئەو گەڕەکانەی سیستمەکەی تێدا کەوتووەتە کار وەکو خۆیان کاردەکەن و بەردەوام دەبن، ئێستا تەنیا فراوانکردنی سیستمەکە راگیراوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 08-01-2024، ئەندازیار حازم محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دهۆک و سەرپەرشتیاری سیستمی پریپەید، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەو گەڕەکانەی کە سیستمی پریپەیدی تێدا جێگیرکرابوو، کێشە بۆ بەشێک لە هاووڵاتییان دروست ببوو، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی کارەبا و جێگری پارێزگاری دهۆک، بە بڕیاری پارێزگاری دهۆک فراوانکردنی سیستمەکە لە سنووری پارێزگاکە راگیرا."
 
دەربارەی چارەنووسی ئەو 22 هەزار هاوبەشی کارەبای پریپەید لە پارێزگاکە، ئەو بەرپرسەی کارەبای دهۆک دەڵێت، سیستمەکە بۆ نزیکەی 22 هەزار هاوبەشی کارەبا کاراکراوە، ئەو شوێنانەی سیستمەکەی تێدا کەوتووەتە کار وەکو خۆیان بەردەوام دەبن لە کارکردن و هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نابێت. 
 
لەبارەی هۆکاری راگرتنی فراوانبوونی هاوبەشی پێکردنی زیاتر بە کارەبای پریپەید، حازم محەممەد گوتی، تاوەکو رەوشی گشتیی کارەبا و کێشەکانی ئەو سیستمە چارەسەر نەکرێت، دەست بەفراوانکردنی سیستمەکە ناکرێتەوە.
 
نزیکەی حەوت مانگە بەستنی سیستمى کارەبای پریپەید بۆ کارەبای نیشتمانى لە سنورى دهۆک دەستیپێکردووە، 6.3% دانیشتووانی دهۆک لە سیستمەکە سوودمەند بوون، هەرچەندە لە چەند رۆژی رابردوو لە بەشێک لە گەڕەکەکانی ئەو شارە کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لەو هاوبەشانەی کارەبای پریپەید گردبوونەوە ناڕەزاییان لەبارەی سیستمەکەوە دەربڕی.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە