راپۆرتە فەرمییەکان: 85%ی زێڕی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەم دێت

08-01-2024
فواد حەقیقی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاکانی سنە و ورمێ بەپێی پێوانە ئابوورییەکان لە ریزی پارێزگا هەژارەکانن، بەڵام ئەوان لەسەر کانی زێڕ خەوتوون. بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، 50%ی زێڕی ئێران لە سنە و 35%یشی لە پارێزگای ورمێ بەرهەم دێت. بەپێی راپۆرتی دامەزراوەی پەرەپێدانی کانگا و پیشەسازییەکانی ئێران، ساڵانە لەو وڵاتەدا 9 تۆن و 800 کیلۆ زێڕ بەرهەم دێت.
 
دوایین رووپێوی بۆ دەستنیشانکردنی بەرهەمە کانزاییەکان لە پارێزگای سنەدا کراوە. ئیسماعیل زارعی کوشا، پارێزگاری سنە رۆژی 07-01-2024 لە رێوڕەسمێکدا گوتی، "بەپێی رووپێوییەکە، یەدەگی ماددە کانزاییەکانی پارێزگای سنە (یەک ملیار تۆنی تێپەڕاندووە)، کە بەشێکی بەرچاویان زێڕ و زیوە."
 
بە گوتەی پارێزگای سنە، رووپێوییەکە لە سەرەتای هاوینی ساڵی 2022ەوە بۆ دۆزینەوەی کانەکانی زێڕ، زیو و ئاسن دەستیپێکردووە و 80 ملیار تمەن (واتە یەک ملیۆن و 600 ملیۆن دۆلار) خەرجی بووە.
 
زارعی ئاماژەی بەو شوێنانە نەداوە، کە کانی نوێی زێڕی تێدا دۆزراوەتەوە، بەڵام لەو پارێزگایەدا لە ناوچەکانی قورووە و سەقزدا کانی زێڕ هەن.
 
بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازی و کانگاکانی پارێزگای سنە، تاوەکو بەهاری ساڵی 2023 یەدەگی کانزایی ئەو پارێزگایە بە 596 ملیۆن تۆن دەخەمڵێندرا.
 
ساریگۆنەی بەنێوبانگترین کانی زێڕی پارێزگای سنەیە. بەختیار خەلیقی، بەڕێوەبەری پیشەسازی و کانگاکانی پارێزگای سنە رۆژی 16-03-2023 بە ئاژانسی فارسی گوتبوو، "50% یەدەگی زێڕی ئێران لە کانی ساریگۆنەی-دایە، یەدەگەکەی بە زیاتر لە 41 ملیۆن تۆن دەخەمڵێندرێت." لە 16ی ئابی هەمان ساڵدا گوتبووی، "لە کانی ساریگۆنەی، سەر بە شاری قوروە، ساڵانە 5 تۆن زێڕ بەرهەم دێت و لە ئاستی ئێراندا پلەی یەکەمی بەرهەمهێنانی زێڕی هەیە."
 
کانی زێڕی ساریگۆنەی ساڵی 2005 لەلایەن کۆمپانیایەکی ئوسترالی بە ناوی "ریوتیتینۆ"وە دۆزرایەوە و ساڵی 2015 دەست بە دەرهێنانی زێڕ لە کانەکە کرا. ئێستا دوو کۆمپانیای ئێرانی لەگەڵ کۆمپانیایەکی کازاخستانی زێڕی لێ بەرهەم دێنن.
 
بەڵام کانەکە بۆ خەڵکی ناوچەکە زۆرجار بووەتە هۆی ناڕەزایەتی. خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری ئەو کانە دەڵێن، جۆرێک گاز بە ناوی سیانوور لێیەوە دەردەچێت، کە مەترسیی بۆ سەر ژینگەی ناوچەکە هەیە.
 
لە دەوروبەری ئەو کانەدا 47 گوند هەیە. خەڵکی ئەو ناوچەیە گلەیی دەکەن کە لە کانەکەدا دانامەزرێن و ئەوانەشیان کە دامەزراون لە کار دەرکراون.
 
رۆژی 25-04-2020 ژمارەیەک لە کرێکارانی ئەو کانە ناڕەزایەتییان دەربڕی، گوتیان لەجێی دامەزراندنی خەڵکی ناوچەکە، دامەزراوەکانیش دەردەکەن. ئەو کات دوو کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی گوندی بەهارلوو، بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتییەوە دەستبەسەر کران.
 
کانەکان و یەکە بەرهەمهێنەرە گەورەکان بەپێی یاسا دەبێت 1٪ی داهاتیان بۆ پەرەپێدانی ئەو ناوچەیە تەرخان بکەن کە تێیدا چالاکی دەکەن. بەڵام ئەندامانی ژمارەیەک لە گوندەکانی ئەو ناوچەیە رۆژی 26-10-2020 چوونە نێو کانەکە و رێگەی کارکردنیان لێ گرت و کانەکە داخرا. 
 
بەڵام رۆژیک دواتر عەبادین روستەمی، گوتارخوێنی شاری قوروە، کە وەک نوێنەری سیاسی دەسەڵات چاوی لێدەکرێت، دەستوەردانی کرد و دیسان بواری بۆ بەردەوامیی چالاکیی کانەکە خۆش کردەوە.
 
دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن، سەرچاوەی داهاتیان مەڕداری و جووتیارییە و کانەکان زیانیان بۆیان هەیە، چالاکیی کانەکان کاریگەریی لەسەر سەرچاوەکانی ئاو دەبێت و ژینگەیان لێ تێکدەدات و لێیان پیس دەکات.
 
بەڵام بەرپرسانی کانەکان پشت بە مۆڵەتی دامەزراوەی سەرچاوە سرووشتییەکان دەبەستن و ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە.
 
لە پارێزگای سنە کانێکی دیکەی زێڕ دۆزراوەتەوە و وردە وردە کاری تێدا دەکرێت. ئەویش کانی قوڵقوڵەیە لە نزیک شاری سەقز. کانەکە لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوو دۆزراوەتەوە، بەڵام رۆژی 30-11-2022 چالاکیی تێیدا دەستیپێکرد، هاوکات لەگەڵ سەردانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بۆ پارێزگای سنە.
 
مەحموود قادر مەرزی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای پەرەپێدانی کانگای زێڕی پارێزگای سنە، رۆژی 28-03-2023 گوتی: کانی قوڵقوڵە 10 ملیۆن تۆن یەدەگی بەردی زێڕی هەیە. قادر مەرزی ئەو کات گوتی: "تاوەکو 2 ساڵی دیکە چالاکییەکانی کانەکە دەستپێدەکات."
 
هاونیشتمانییەکی خەڵکی سەقز بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوەکەی، بە رووداوی گوت: "هەموو شتێکی ئامادە کراوە، هەر خەریکن کاری تێدا دەکەن، بەڵام هیچ دەسکەوتێکی بۆ سەقز و پارێزگای سنە نابێت و قازانجی سفرە."
 
بێهروز بۆرنا، جێگری رێکخراوی دۆزینەوە کانزاییەکانی ئێران، رۆژی 27-11-2022 گوتبووی: لە ئێران 340 تۆن یەدەگی سەلمێنراو و هەزار تۆن خەمڵێنراوی زێڕ هەیە. لە 21 پارێزگای ئێراندا زێڕ هەیە، بەڵام لە هەموویاندا زێڕ بەرهەم ناهێنرێت. بەگوتەی ئەو لە پارێزگای ورمێ 115 تۆن یەدەگی سەلمێنراوی زێڕ هەیە.
 
حیسام موقەدەم عەلی، جێگری دامەزراوەی پەرەپێدانی کانگا و پیشەسازییە کانزاییەکانی ئێران  22-10-2023 گوتی: "ساڵانە لە ئێران نۆ تۆن و 800 کیلۆ زێڕ بەرهەم دێت و ئامانج ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2032 رێژەی بەرهەم بگاتە 25 تۆن زێڕ."
 
بەڵام بەبێ پارێزگاکانی سنە و ورمێ ئێران ناتوانێت بەو ئامانجەی بگات. لە پارێزگای ورمێ سێ کانی زێڕ لە ناوچەی تیکاب و رەبەت هەن. 
 
پەریسا عابدپوور، جێگری سەرۆکی رێکخراوی پیشەسازی و کانەکان بۆ کاروباری کانەکان و پیشەسازییە کانییەکان، رۆژی 02-11-2022 گوتی: لە شاری تیکاب زیاتر لە 48 ملیۆن تۆن یەدەگی سەلمێنراوی ماددە کانزانییەکان هەیە. لەوە پێنج ملیۆن تۆنی زێڕە لە کانگای ئاغەرە، 27 ملیۆن و 500 هەزار تۆن زێڕی دیکە لە کانی زەڕشۆران و 763 هەزار تۆن زێڕیش لە ناوچەیەک لە نزیک شارۆچکەی رەبەت هەیە."
 
عەبدولحەمید سەرتیپی، بەڕێوەبەری پیشەسازی و کانەکانی پارێزگای ورمێ رۆژی 10-07-2022 گوتی: "نزیکەی 35٪ی زێڕی ئێران لەم پارێزگایەدا بەرهەم دێت و بەشی زۆریشی لە کانی زێڕی زەڕشۆرانی سەر بە شاری تیکابە."
 
بەگوتەی عەبدولحەمید سەرتیپی، نیو لەسەدی زێڕی جیهان لە پارێزگای ورمێیە و بەم بۆنەیەشەوە ئەم پارێزگایە وەک پارێزگای زێڕینی ئێران ناودێر کراوە.
 
محەممەد پەروین، بەرپرسی کۆمپانیای کانی زەڕشۆران، "لەم کانەدا 50 ملیۆن تۆن یەدەگی بەردی زێڕ هەیە و وا دەخەمڵێنرێت، کە لە 60 تاوەکو 100 ساڵی داهاتوو بتوانرێت زێڕی لێ بەرهەم بهێنرێت. ساڵانە هەزار و 500 کیلۆ شمشی زێڕی لێ بەرهەم دێت." 
 
بەڵام خەڵکی ئەو ناوچانەش، کە ئەو دوو کانەی لێیە ناڕەزایەتیی زۆریان دەربڕیوە و دەڵێن لە کانەکاندا خەڵکی خۆجێی دانامەزرێنن و کانەکان تەنیا زەرەریان بۆ خەڵکەکەی هەیە.
 
رۆژی 31-07-2023 دانیشتووانی گوندی ئاغەرەی ناوەڕاست لە بەردەم کانی بەردی ئەو گوندە گردبوونەوە و داوایانکرد، بەڵێنی دامەزراندنی خەڵکی گوندەکە لەو کانە بەردە جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەهۆی وەڵامنەدانەوەی بەڕێوەبەرانی کانەکە، گرژی لەنێوان چەند کەس لە خەڵکی گوند و پاسەوانانی کانەکە روویدا.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژی رابردووی خەڵکی ئاغەرەی ناوەڕاستدا زیاتر لە 50 کەس دەستگیر و زیاتر لە 10 کەسیش بریندار بوون. 
 
رەزا موزەفەر، فەرماندەی پۆلیسی شاری تیکاب، رۆژی 01-08-2023 دانیشتووانی گوندی ئاغەرەی ناوەڕاستی تۆمەتبار کرد، کە "بەشێوەی نایاسایی گردبوونەتەوە و رێگای کانی [زێڕی ئاغەرەیان] بەستووە و بەم هۆیەوە بەربەستیان بۆ بەرهەمهێنان، ئابووری و ئاسایشی ناوچەکە دروست کردووە."
 
رەزا موزەفەر گوتی: پۆلیس بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش چووەتە شوێنی گردبوونەوەکە و لەسەر بڕیاری دادوەر، تێکدەرانی سەقامگیری و ئاسایشی گشتیی دەستبەسەر کراون.
 
پێش ناڕەزایەتییەکان کۆمپانیایەک بە ناوی "تەراوێرتەن" کاری دەرهێنانی بەرد لە کانی بەردی گوندی ئاغەرەی دەستپێکردبوو و بەڵێنیان بە خەڵکی گوندەکە دابوو لەو کانە دایانبمەزرێنن، بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی نزیکەی 9 مانگ بەسەر دەستپێکردنی دەرهێنانی بەرد لەو کانە و دامەزراندنی ژمارەیەک خەڵکی دەرەوەی گوندەکە، هێشتا خەڵکی گوندەکانی ئاغەرەی سەروو، ناوەڕاست و خواروو دانەمەزرێنرابوون. 
 
لە ساڵانی رابردووشدا چەندجار ناڕەزایی خەڵکی گوندەکانی ئاغەرە دژی دانەمەزراندنیان لە کانەکان، گرژی لێکەوتووەتەوە. 
 
رۆژی 23-11-2021 نزیکەی 100 کەس لە کرێکارانی کانی زێڕی ئاغەرە رێگەیان پێنەدرا بۆ سەر کارەکانیان بگەڕێنەوە و ئەوانیش ناڕەزایەتییان دەربڕی.
 
بەگوتەی کرێکارەکان، ئەوان خەڵکی ناوچەکەن و خاوەنکارەکە بەبیانووی ئەوەی شارەزاییان لە کارەکەدا نییە، ئەوانی دەرکردووە.
 
ئەو کرێکارانە گوتبوویان: بەڵێندەری کانی زێڕی ئاغەرە زەوی و زاری گوندەکەی داگیرکردووە و خەڵک توانای کشتوکاڵ و مەڕداریشیان نەماوە و تەنانەت تەقینەوە لە کانەکە زیانی بە خانووەکانیان گەیاندووە.
 
کانی زێڕی ئاغەرە لە گوندەکانی ئاغەرەی خواروو، ئاغەرەی سەروو و ئاغەرەی ناوەڕاستدا هەڵکەوتووە، لە ساڵی 2003ەوە زێڕی لە بەرهەم دێت.
 
خەڵکی ئەو گوندانە ساڵی 2014ش بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە دەرکردنیان لە کارەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی، بەڵام رێکاری یاسایی بەرامبەریان گیرایەبەر و 17 کەسیان دادگایی کران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە