لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە کرماشان دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش بریندار بوون. 
 
رووداوەکە ئێوارەی یەکشەممە، 7ـی کانوونی دووەمی 2024، لە رێگەی ئیسلامئاوا - حمێل و لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا روویداوە. مەسعود قەلعەسفیدی، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتن و رووبەڕووبوونەوەی قەیران لە زانکۆی پزیشکیی کرماشان رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 8ـی شەو لە سەر رێگەی ئیسلامئاوا – حمێل روویداوە، لە رووداوەکەدا 2 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3 کەسیش بریندار بوون.
 
بە گوتەی مەسعود قەلعەسفیدی، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە رووداوەکە، دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتنیان ناردووە شوێنەکە و بریندارانی رووداوەکە بۆ نەخۆشخانەی شاری ئیسلامئاوا گوازرانەوە.
 
سەلیم خانی، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی کرماشان، رۆژی 19-12-2023 ئامارێکی قوربانییان و بریندارانی رووداوەکانی هاتووچۆ لەو پارێزگایە رایگەیاند، "لە هەشت مانگی رابردوودا 413 کەس لەو پارێزگایە بە هۆی رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە ساڵی رابردوو یەک کەس کەمترە، هەروەها لەو ماوەیەدا 7 هەزار و 936 کەسیش بریندار بوون کە بەراورد بە ساڵی رابردوو 165 کەس زیادی کردووە."
 
لەلایەکی دیکەوە، کەمال هادیانفەر، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران، رۆژی 26-11-2023، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو، لە سەرەتای نەورۆزی ئەم ساڵەوە تائێستا زیاتر لە 12 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 300 هەزار کەسیش بریندار بوون، کە ژمارەی قوربانیان بەراورد بە ساڵی رابردوو 7.3٪ زیادی کردووە.