مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

08-01-2024
سیروان عەباس
نیشانەکردن پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە. ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیش دەڵێت، "یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک و پۆستەکانی دیکە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە دەبێت."
 
بەپێی ئەو زانیارییەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، بڕیارە لەم رۆژانەدا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ئاستی مەکتەبی سیاسی لە هەولێر کۆببنەوە. 
 
رۆژی دووشەممە 08-01-2024، زیاد جەبار، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، دۆخی کەرکووک و هەرێمی کوردستان پێویستی بە کۆبوونەوە و دانوستاندنی نێوخۆییە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بڕیاریداوە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆببێتەوە، پێش هەمووان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان. 
 
زیاد جەبار گوتی، "پرسی کەرکووک و ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگاری نوێ، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبێت، یەکێتی پێیوایە کە دەبێت سەرەتا کورد ماڵی خۆی رێکبخاتەوە ئینجا بچێتە نێو گفتوگۆکانەوە." 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، جگە لە پرسی کەرکووک، ئەمنییەتی هەرێمی کوردستان و دانوستاندنەکان لەگەڵ بەغدا لەبارەی بودجە و مووچەش گەنگەشە دەکرێن.  
 
هەرچەندە تاوەکو ئێستا کاتی کۆبوونەوەکە دیارینەکراوە، بەڵام سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت، "لەپێناو ئەمنییەتی هەرێمی کوردستان، پرسی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، پارتی ئامادەی کۆبوونەوەیە."
 
رۆژی یەکشەممە 07-01-2024، رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی لە پارێزگای کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "پێویستە بەر لە دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ هەر پێکهاتە و لایەنێکی دیکە، پێشوەختە لەگەڵ پارتی پێکەوە کۆببینەوە و ئاڵوگۆڕی پلان و بەرنامەکانمان بکەین." 
 
کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی
 
دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرەتای گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە لەنێوان یەکێتی و پارتی دەستیپێکردەوە و لە رۆژی 07-11-2023 لە ئاستی باڵادا کۆبوونەوە. 
 
شاندی پارتی پێکهاتبوو لە نێچیرڤان بارزانی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی؛ فازڵ میرانی، هۆشیار زێباری، جەعفەر ئێمینکی، پشتیوان سادق، مەحموود محەممەد، ئازاد بەرواری و دڵشاد شەهاب. شاندی یەکێتیش پێکهاتبوو لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، سەعدی ئەحمەد پیرە، عیماد ئەحمەد، شاڵاو عەلی عەسکەری، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ و رەفعەت عەبدوڵڵا.
 
دوای کۆبوونەوەکە، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی بە رووداوی گوت، لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان شاندی باڵای دوو حیزبەکە هەبووە و ''تەنیا هەندێک دۆسیەی ئەمنی، ئیداری و سیاسی ماون کە هەوڵدەدرێت ئەم گلەیی و ناکۆکییانەش پۆلێن بکرێن و لە داهاتوویەکی نزیکدا پێکەوە کۆدەبنەوە.''  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".