هرانا: تەندروستیی گۆرانیبێژێکی کرماشانی لە زیندان ناجێگیرە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران، ناسراو بە هرانا، رایگەیاند، تەندروستیی سامان سەیدی (یاسین)، راپەری کرماشانی لە زینداندا ناجێگیرە و، لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە.
 
ئەو کۆمەڵەیە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، سامان یاسین لەکاتی لێکۆڵینەوەدا ئەشکەنجە دراوە، بە جۆرێک لێی دراوە کە لووتی شکاوە، هەرچەندە پزیشک ئەوەشی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام رێگەی پێنادرێت نەشتەرگەری و چارەسەری بکات.
 
سامان یاسین، راپەری کرماشان رۆژی 02-10-2022 لە ناڕەزایەتییەکانی شاری تاراندا دەستبەسەر کرا. دواتر دادگەی شۆڕشی تاران بە "موحارەبە و هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران،" سزای سێدارەی بەسەردا سەپاند؛ بەڵام دیوانی باڵای دادوەریی ئێران ئەو حوکمەی جێبەجێ نەکرد و بۆ پێداچوونەوە رەوانەی دادگەی کردەوە.
 
سامان یاسین رۆژی 21-12-2022 بەهۆی دۆخی خراپی لە زیندان هەوڵی خۆکوشتنی دا، ئەو لە مافی دەستنیشانکردنی پارێزەریش بێبەش بووە.
 
بەپێی راپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، سامان لەو ماوەیەدا کە دەستگیر کراوە بە شێوازی جۆراوجۆر ئەشکەنجە دراوە و لەژێر گوشاردا ناچار بە دانپێدانان کراوە.
 
سامان یاسین ساڵی 1998 لە شاری کرماشان لەدایکبووە. بارودۆخی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک لە راپەکانیدا رەنگی داوەتەوە.
 
کارلۆس کاسپێر، پەرلەمانتاری حزبی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا، کەفالەتی سیاسیی سامان یاسینی لە ئەستۆ گرتووە.