لە 24 کاژێردا لەنێو بازاڕی سلێمانی 40 تۆن زبڵ و خاشاک کۆکرایەوە

08-01-2023
نزار جەزا
زبڵ و خاشاکی نێو بازاڕی سلێمانی. وێنە: رووداو
زبڵ و خاشاکی نێو بازاڕی سلێمانی. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - دیجیتاڵ

لە ماوەی 24 کاژێردا لەنێو بازاڕی سلێمانی لەلایەن 130 کرێکارەوە 40 تۆن زبڵ و خاشاک کۆکرایەوە کە لە تانجەرۆ فڕێدەدرێت؛ زبڵ و خاشاکەکەش پاشماوەی ئەو سەتان کاسبکارەی نێو بازاڕەکەیە کە پاش تەوابوونی کارەکانیان بەبێ ئەوەی بیکەنە کیسی نایلۆنەوە جێیدەهێڵن.
 
بەشێک لە کاسبکاران خۆشیان لەو دۆخە بێزارن و داوای رێکخستنەوە و سزادانی ئەو کەسانە دەکەن کە پابەندی پاکڕاگرتن نابن.
 
جەزا ئەحمەد، فرۆشیار دەڵێت، "هەر کەسێک لای خۆیەوە شت فڕێدەدات و دەڵێت شارەوانی کۆیدەکاتەوە، باشە دەزانین شارەوانی کۆیدەکاتەوە، بەڵام نابێت هێندە کرێکارەکان ماندوو بکەین، ئەوانیش برا و کەسوکاری ئێمەن."
 
شێخ فازڵ حوسێن، دووکاندار ئاماژە بەوە دەکات، "ئەگەر بە دووکاندار و دەستگێڕەوە سزابدرێن هەرگیز ئەم زبڵ و خاشاکە فڕێنادرێت، لەپێشەوە ئێمەی دووکاندار سزا بدەن، کە سزا نەبوو و حکومەت گوێی پێنەدا، شارەوانیی داماو بووە و بووەتە فیلم بەدەستمانەوە."
 
هەرێم محەممەد، دووکاندار ئەوەی خستەڕوو، "شوێنی خۆڵڕشتن یان تەنەکەی خۆڵ نییە، کە کاسبکاران خۆڵی تێبکەن. تەنەکەی خۆڵەکە دادەنرێت، بەڵام هەفتەیەک لێیەتی و دواتر دەشکێندرێت، دیارنامێنێت، دەدزرێت، نازانرێ چی لێدێت. ئەو زبڵ و خاشاکەش کە لەناو بازاڕ کۆدەبێتەوە دەبێت بکرێتە شوێنێکەوە و فڕێبدرێت، بەڵام ئێمە ئەو شوێنەمان نییە."
 
سەرپەرشتیاری پاککردنەوەی نێو بازاڕ پێیوایە 30%ی کاسبکاران پابەندن بە پاکڕاگرتنی نێو بازاڕەوە و ئەوانی دیکە هەر پاشماوەیەکیان هەبێت فڕێیدەدەن.
 
بەختیار جەلال، سەرپەرشتیاری پاککردنەوەی ناو بازاڕی سلێمانی لە کۆمپانیای شکار دەڵێت، "پێویستە هەموو کاسبکارێک عەلاگەی خۆڵ یان تەنەکەی خۆڵی هەبێت، بۆئەوەی بە ئاسانی پاکبکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە دووکاندار هەیە پاش داخستنی دووکانەکەی هەموو زبڵەکەی فڕێدەداتە بەردەم دووکانەکەی بۆئەوەی کرێکارەکان پاکی بکەنەوە، وەکو ئەوەی ئەمانە خوا دروستی نەکردبن، لە کاتێکدا ئەمانیش گوناحن. 70%ی کاسبکارەکان پابەندی پاکڕاگرتنی ناو بازاڕ نابن و پاشماوەکانیان فڕێدەدەنە سەر شۆستە و شەقامەکان."
 
بەپێی ئامارەکانی شارەوانیی سلێمانی لە ماوەی ساڵی 2022دا رۆژانە 900 تۆن زبڵ و خاشاک لە شاری سلێمانی کۆکراوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە