بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دەروونی: تائێستا راهێنەری کوردی "ئاخاوتنی ئۆتیزم" لە هەرێمی کوردستان نییە

08-01-2023
سیروان عەباس
 ژمارەیەک تووشبووی ئۆتیزم لە سەنتەرێک راهێنان وەردەگرن. وێنە: رووداو
ژمارەیەک تووشبووی ئۆتیزم لە سەنتەرێک راهێنان وەردەگرن. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار و 500 تووشبووی ئۆتیزم بە فەرمی تۆمارکراون، ساڵانە ژمارەی تووشبووان زیاد دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دەروونی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "تائیستا راهێنەری کوردی ئاخاوتنی ئۆتیزممان لە هەرێمی کوردستان نییە و ئەو منداڵانەی فێری ئاخاوتن دەکرێن بە عەرەبی یان کوردییەکی ناباش قسە دەکەن." 
 
زۆرترین تووشبووی ئۆتیزم لە دهۆکە و تەنیا یەک سەنتەری هەیە
 
رۆژی یەکشەممە 08-01-2023، بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، تایبەتبوو بە دۆخی تووشبووانی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان. 
 
سەگڤان جەمال، بەڕێوەبەری سەنتەرە حکومییەکانی ئۆتیزم لە پارێزگای دهۆک لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەکەدا گوتی، "زۆرترین رێژەی ئۆتیزم لە پارێزگای دهۆکە، کە زیاتر لە 1000 تووشبووی ئۆتیزمن. ئێمە توانیومانە 90 تووشبووی ئۆتیزم لە سەنتەرەکەمان وەربگرین. بەڕاستی باری سەرشانمان زۆر گرانە، لەبەر ئەوەش ئەو ژمارە زۆرەمان وەرگرتووە بۆ ئەوەی باری گرانی سەرشانی خێزانەکانیان کەمبکەینەوە. ئێمە راهێنان بە تووشبووانی ئۆتیزم دەکەین و جگە لە سەنتەریش، لە شوێنی دیکە لە دەرەوە سەنتەری ئەهلی هەن بۆ ر‌اهێنان بە تووشبووانی ئۆتیزم." 
 
سەگڤان جەمال گوتی، "بەشێک لەو ئۆتیزمانەی سنووری دهۆک، ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان و عێراقن، هەندێکیش هەن کە هێشتا پشنکینی یەکلاکەرەوەیان بۆ نەکراوە و بە دروستی نەزانراوە کە ئایا تووشبووی ئۆتیزمن یان نا." 
 
"زۆربەی تووشبووانی ئۆتیزم ئەوانەن کە ئامێری زیرەک زۆر بەکاردێنن"
 
سەگڤان جەمال، بەڕێوەبەری سەنتەرە حکومییەکانی ئۆتیزم لە پارێزگای دهۆک گوتی، "زۆرترین ئەو تووشبووانەی کە هاتوونەتە لای ئێمە، ئەوانەن کە زۆر تەماشای ئایپاد و تەلەڤیزیۆن دەکەن و بەکاریان دەهێنن، زۆربەی منداڵەکان تاوەکو تەمەنیان دەگاتە دوو ساڵ و نیو، گەشە و رەفتار و قسەکردنیان ئاساییە، بەڵام بەداخەوە دواتر بەهۆی سەرقاڵی دایک و باوکیان و خووگرتنیان بە ئایپاد و مۆبایل و تەلەڤیزیۆنەوە، منداڵەکان هێواش هێواش دەچنە جیهانێکی دیکە و لە کۆمەڵگە دووردەکەونەوە." 
 
هاوکات ناجی عەلی، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆتیزم لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەرپرسیاردا گوتی، "منداڵ تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی ئەگەری تووشبوونی بە ئۆتیزم هەیە، تووشبووەکانیش زیاتر ئەوانەن کە زۆر سەیری ئامێرە زیرەکەکان دەکەن." 
 
26 سەنتەری تایبەت و چوار سەنتەری حکومیی ئۆتیزم هەن
 
ناجی عەلی، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆتیزم لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەکرد، "تائێستا هیچ ئامارێک لەبەردەست نییە بیسەلمێنێت زۆرترین ئۆتیزم لە کام پارێزگایە، هەموو سەنتەرەکان لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت و حکومییەوە 1500 تووشبوویان تێدایە، کە 26 سەنتەری تایبەت و چوار سەنتەری حکومی هەن، هەروەها هەشت سەنتەری دیکەی تایبەت مۆڵەتیان پێدراوە و بەمزووانە دەکرێنەوە. دوای سەرژمێری، پلانێک بۆ دروستکردنی سەنتەری گەورەی ئۆتیزم دەکەینەوە." 
 
لیژنەی باڵای ئۆتیزم بە نیازە ئەمساڵ سەرژمێری تووشبووان بکەن، سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت، "بەخێوکەرانیان مۆڵەتیان پێدەدرێت کە ئیستا نزیکەی 400 بەخێوکەرن و مانگانەش 100 هەزار دینار وەردەگرن." لەبارەی گرفتەکانیشەوە گوتی، "یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە کە تائێستاش هەندێ دایک و باوک هەن بە شەرمی دەزانن ئاشکرای بکەن کە منداڵەکەیان ئۆتیزمی هەیە و پێیانوایە کە خەڵک وەکو شێت مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات."

 

 
راهێنەری کوردی ئاخاوتنی ئۆتیزم لە کوردستان نییە
 
ئۆتیزم نزیکەی 10 ساڵە تەشەنەی کردووە و ساڵانە زیاد دەکات، ناجی عەلی دەڵێت، "دەبێ حکومەت گرنگی بە داهاتووی تووشبووەکان بدات لە رووی خوێندنەوە. لە وڵاتانی دەرەوە و بەتایبەت لە ئوردن، راهێنەری ئۆتیزم دەهێنین. لەبەرئەوەی ئۆتیزم پەروەردەی تایبەتی دەوێ، ئێمە کێشەی ستافمان هەیە لە سەنتەرەکان."
 
هاوکات د. رێزان حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دەروونی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد: هەر سەنتەرێکی ئۆتیزم دەبێت چوار تایبەتمەندی هەبێت، یەکەم؛ بەشی راهێنانی ئاخاوتن، چونکە 55٪ی تووشبووان توانای قسەکردنیان نییە و ئەوانی دیکەش زۆر بە کەمی قسە دەکەین. لەو بەشە پێویستمان بە راهێنەری ئاخاوتنە، بەڵام تائێستا ئەو راهێنەرەمان لە کوردستان نییە و راهێنەرەکان میسری و ئوردنین. ئەوانیش بە عەرەبی قسە دەکەن و منداڵەکانیش بە ناچاری بە عەرەبی فێری قسە دەبن یاخود بە کوردییەکی ناباش قسە دەکەن.
 
دووەم: چارەسەری کارکردن (وەزیفی)، بۆ ئەوەی خۆی خزمەتی خۆی بکات و کارەکانی رۆژانەی رایی بکات. سێیەم: چارەسەری فیزیایی، تووشبووەکان کێشەی ماسوولکەیان هەیە و دەبێ راهێنانیان پێبکرێت و وایان لێبکرێت کۆنترۆڵی ئەندامانی جەستەیان بکەن.
 
چوارەم: چارەسەری ئەی بی ئەی، واتە دوو مامۆستا بۆ چارەسەری یەک تووشبوو بکەن بۆ ماوەی چەند ساڵێک، رۆژانە یەک کاژێر راهێنان بەو منداڵە بکەن لەسەر ئەو شتەی کە پێویستە بیزانێت. بەڵام ئەمە لێرە نییە و تەنیا لە وڵاتە دەوڵەمەند و پێشکەوتووەکان هەیە. ئەگەر سێ ساڵ ئەو راهێنانە بە منداڵ بکرێت، بە تایبەتی لە شەش ساڵی سەرەتای تەمەن، زۆر ئاسانتر باش دەبێت و ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام دوای ئەو تەمەنە زۆر زەحمەت دەبێت.

 

 
لیقائـ، کە دایکی سێ منداڵی ئۆتیزمە میوانی بەرنامەی بەرپرسیار بوو، لەبارەی دۆخی خێزانەکەیەوە گوتی، "دۆخمان زۆر خراپە، زۆر ماندووین لەگەڵ منداڵەکان، ئێمە کرێچین، لەبەر ئەو منداڵانە شەش-حەوت مانگ جارێک لە خانوو دەردەکرێم، چونکە دراوسێکان بە جووڵە و دەنگەدەنگی منداڵەکان بێزار دەبن، ئێستا ئاگادارکراومەتەوە کە دەبێ مانگی شەشی داهاتوو باربکەم." 
 
دایکی ئەو سێ منداڵە ئۆتیزمە هەستەکانی خۆیی بۆ کۆنترۆڵنەکرا و بە گریانەوە گوتی، "باوکی منداڵەکانم نەخۆشی دڵی هەیە و هیچ مووچەیەکمان نییە، هەروەها مانگانە 350 هەزار دینار کرێی خانوو دەدەین. رێژەی تووشبوونی منداڵەکانم 90٪ـە، بەڵام مووچەیان بۆ نابڕنەوە. من نازانم حکومەت چ کارەیە؟ ئاخر چۆن دەبێ حکومەت ئاوابێت؟ دەبێ تا کۆتایی ئێمە چاولەدەستی خێرخوازبین؟ هیچ نەبێ با تەنانەت بە شێت هەژماریان بکەن. ئەم گریانەم بۆ حاڵی خۆم نییە بەتەنیا، بۆ هەموو ئەو خێزانانەمە کە وەکو ئێمە وان." 
 
دایکی ئەو سێ منداڵە ئۆتیزمە گوتیشی، "منداڵەکانم لە سەنتەری خێرخوازین، نزیکەی هەشت مانگە لەوێ پەروەردە دەکرێن، کەمێک باشبوون، بەڵام هێشتا وەکو منداڵی ئاسایی نین، دەرگا و پەنجەرەکان دادەخەین بۆ ئەوەی نەچنە دەرەوە، چونکە هەست بە ترس ناکەن و دەچنە سەربان و سەر شەقام، بێ ئەوەی سەرما و گەرما کاریگەریی لەسەریان هەبێت." 
 
شەهیان تەحسین لەبارەی مووچەی تووشبووانی ئۆتیزم پرسیاری لە ناجی عەلی، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆتیزم لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد و لە وەڵامدا گوتی، "لە 2014ەوە راوەستاوە، ئەم ماوەیە 14 هەزار کەمئەنداممان تۆمارکردووە، ئەوانەشی کە تۆمار نەکراون، دەیانخەینە شوێنی ئەوانەی کە لە لیستی کەمئەندامان دەرکراون." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە