مامۆستایانی وانەبێژی کەرکووک داوای دامەزراندن دەکەن؛ 'خۆپێشاندان کاریگەریی نابێت'

 
رووداو - کەرکووک

مامۆستا جاسم سێ ساڵە بە خۆبەخشی دەوام دەکات و لەگەڵ 25 مامۆستای دیکە لە قوتابخانەیەکی سنووری کەرکووک وانە دەڵێنەوە، ئەو دەرچووی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانە و سێ ساڵە چاوەڕێی دامەزراندنە.
 
هەفتەیەکە جاسم لەدوای دەوامی قوتابخانە، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری مامۆستای خۆبەخش دەچنە بەردەم پەروەردەی کەرکووک و داوای دامەزراندن دەکەن.
 
جاسم محەممەد، مامۆستای وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو رۆژێک بەو هیوایەوە دەچینە دەرەوە کە گەڕاینەوە بتوانم دڵی ئەو منداڵە خۆش بکەم و پێداویستیی ماڵەوە دابین بکەم، بەڵام هەر کاتێک چوومەتە قوتابخانە و گەڕاومەتەوە کۆمەڵێک خەفەت لەسەر دڵم کەڵەکە بوون و گوتوومە: تەماشا بکە، ئەوە من هاتمەوە، بەڵام شتێکی وایان پێنەدام کە دڵی ئێوە خۆش بکەم."
 
مامۆستایانی خۆبەخش لە دژی دانەمەزراندنیان رێگەیان نەدا، دەوامی فەرمی لە پەروەردەی کەرکووک بکرێت و بە دەنگێکی بەرز داوای دامەزراندنیان دەکرد.
 
پەروەردەی کەرکووک دەڵێت، "ئێمە ناوی مامۆستایانی خۆبەخش بۆ بەغدا بەرز ناکەینەوە و خۆپێشاندانەکەشیان کاریگەریی نابێت."
 
شەرمین ئەحمەد، مامۆستای خۆبەخش دەڵێت، "دەوام دەکەین بەبێ هیچ پاداشت و مووچەیەک، ئێستاش هاتووین دەرگای پەروەردەی کەرکووکمان داخستووە، تاوەکو وەڵامێک وەرنەگرین لێرە ناڕۆین."
 
مامۆستایەکی دیکەی خۆبەخش بەناوی زەهرا حەسەن ئاماژە بەوە دەکات، "ئەوە سێیەم ساڵە دەوام دەکەین بەبێ بەرامبەر و بە خۆبەخشی و تەنانەت مۆڵەتی کارکردنمان بە زۆر پێدەدەن، ئێمەش داوای گرێبەست و دواتر هەمیشەییبوون دەکەین، وەکو هەموو وانەبێژانی پێشوو."
 
ئەحمەد نەوزاد، مامۆستای خۆبەخش ئەوەی خستەڕوو، "تاوەکو ئێستا نە وەزارەتی پەروەردە و نە پەروەردەی کەرکووک نەهاتوون بەدەم داواکارییەکانمانەوە تاوەکو بتوانین مافەکانی خۆمان وەربگرین."
 
بەپێی بڕیاری 315ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، تەنیا لە کەرکووک نزیکەی 24 هەزار مامۆستای وانەبێژ کرانە هەمیشەیی. خۆپێشاندەران دەڵێن، ناوی ئەوانیش لەنێو ئەو ژمارەیەدا بوو، بەڵام بێبەش کراون.