رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، باندێکی دزینی ئۆتۆمبێلیان ئاشکراکردووە و ئەندامەکانیان دەستگیرکردوون کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵکیان "فریوداوە و کاری تاوانکاری"یان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هاووڵاتییەکی بە بنەچە عەرەب بە ناوی "حەیدەر جەلال" ئاگاداریی کردوونەتەوە کە ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری (تۆیۆتا هایلۆکس 2022) لەنێو سلێمانی دزراوە.
![ئەو ئۆتۆمبێلەی لە سلێمانی دزرا. وێنە: ئاسایشی سلێمانی](https://www.rudaw.net/Library/Images/Uploaded%20Images/2023/01/08/viber_image_2023-01-08_19-50-17-254.jpg)
وەک ئاسایش دەڵێت، رەزامەندی دادوەریان وەرگرتووە و لە چەند کاژێرێکدا ئەندامانی ئەو باندە دەستگیرکراون.
تۆمەتبارەکان سێ کەسن، بە ناوەکانی: (ع. ع. م)، (هـ. ح. ح)، (پ. ک. ح). ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتبارەکان بە بنەچە کوردن و تەمەنیان 30 بۆ 35 ساڵە.
بەگوێرەی ئاسایشی سلێمانی، کاری باندەکە "فریودانی" ئەو کەسانە بووە کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کڕین و فرۆشتن بە ئۆتۆمبێلەوە دەکەن.
ئاسایش باس لە نموونەیەکی کاری "فریودانی" باندەکە دەکات و دەڵێت، فرۆشیارێکیان لە شاری کەربەلاوە هێناوەتە سلێمانی و لە کاتی تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەیدا لێیان دزیوە.
ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و تۆمەتباران رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە. ئاسایشی سلێمانی گوتی، دوای تەواوبونی رێکارە یاساییەکان ئۆتۆمبێلەکە بۆ خاوەنەکەی دەگەڕێندرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ