لە راپەڕین سەنتەری حکومی بۆ چارەسەری تووشبووانی ئۆتیزم نییە؛ "205 تووشبووی ئۆتیزم هەن"
رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو دەچێتە ماڵی خالید کە ژینگەپارێزێکە لە حاجیاوا، سێ کچ و کوڕەکەی بە رێژەی جیاواز نەخۆشیی ئۆتیزمیان هەیە.
خالید مەحموود، کە ژینگەپارێزێکە لە حاجیاوا دەڵێت: ژیانمان لەوپەڕی سەختی دایە، ئەگەر هاوکاری خێرخوازان نەبێت بەڕێوەناچین، مووچەکەم 335 هەزار دینارە بەشی هیچ ناکات. منداڵەکانم دەبێت بەردەوام دایبییان پێوەبێت، خۆیان پیس دەکەن، پارچەیەک دایبی بە 13 هەزارە بەشی هیچ ناکەن، دەبێت زوو زوو بیکڕم.
ژولیا کچە گەورەی خالیدە، تەمەنی 15 ساڵە و 90%ی ئۆتیزمی هەیە. پەیمان مەحموود، هاوژینی خالیدە و دەڵێت: کچەکەمم بە زنجیر بەستبووەوە، راناوەستێت گاز لە خۆی دەگرێت، پرچی خۆی دەڕنێتەوە.
نزیکەی 10 مانگە شوێنێک لە ئیدارەی راپەڕین کە پێشتر بۆ دایەنگە دروستکرابوو، بڕیاری لێدراوە بکرێتە سەنتەری ئۆتیزم، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی سەنتەرەکە تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە و تەنیا بە ناو سەنتەری ئۆتیزمە، نە دەوامی تێدا دەکرێت، نە هیچ کەلوپەل و پێداویستییەکی تێدایە.
لە سنووری ئیدارەی راپەڕین هیچ سەنتەرێکی حکومی بۆ چارەسەری تووشبووانی ئۆتیزم نییە، ئەوەی هەیە تەنها دوو رێکخراوی ناحکومین.
نیشتمان عەلی، راهێنەرێکی تووشبووانی ئۆتیزمە و دەڵێت: بەداخەوە خێزانەکان لە زۆر رووەوە پشتگوێ خراون، بەهۆی نەبوونی سەنتەر ئەرکی زۆر قورسیان لەسەرە. ئێمە وەک رێکخراو توانیومانە بەشێک بین لە ئاسانکاری بۆ ئەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، بەڵام تەنها بە ئێمە ناکرێت، دەبێت حکومەت هاوکارمان بێت.
بەڕێوەبەری چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی راپەڕین دەڵێت، بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران 11 کارمەند و دوو ئۆتۆمبێل بۆ کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم لە حاجیاوا دانراون، بەڵام بەهۆی نەبوونی خەرجی پێویست تائێستا دەست بەنۆژەنکردنەوەی بیناکە نەکراوە.
شەماڵ عەباس، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی راپەڕین بە رووداوی گوت: "بەداخەوە نە ئێمە وەک حکومەت نە لە کەرتی تایبەتیش هیچ سەنتەرێکی پێشکەوتووی ئۆتیزم لە سنوورەکەدا نییە، ئەو خێزانانەی کە باری داراییان باشە منداڵەکانیان دەبەنە پارێزگاکانی دیکە بۆ راهێنان."
بەپێی داتاکانی چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی راپەڕین، رێژەی منداڵانی ئۆتیزم لە ساڵی 2012 لە ئیدارەی راپەڕین 20 منداڵ بووە، بەڵام لە 10 ساڵی رابردوودا رێژەکە بۆ 205 منداڵ بەرزبووەتەوە، ئەم رێژەیەش تەنها ئەو منداڵانەن کە لەلایەن لیژنەی پزیشکییەوە تۆمارکراون.