کۆمیسیۆنی تەندروستیی پەرلەمانی ئێران: 11 هەزار ملیار تمەنی کۆمپانیاکانی دەرمان قەرزدارین

08-01-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
 دەرمانخانەیەک لە ئێران. وێنە: میدیای ئێران
دەرمانخانەیەک لە ئێران. وێنە: میدیای ئێران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

قەرەباڵخبوونی دەرمانخانەکان نیشانەیەکی کەمیی دەرمانە، وەکو ئەو کێشەیەی ئێستا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. 
 
کەمیی دەرمان لە ژیناوەوە هەیە تاوەکو دەرمانەکانی دژە بەکتریا، دژە هەوکردن، چارەسەری کیمیایی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان. دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییەکانی دەروونی، دەمار و رەبۆش بە زەحمەت دەستدەکەون. 
 
ئەنجوومەنی یەکەکانی چاودێری چڕی نەخۆشخانەکانی ئێران رایگەیاندووە، تەنانەت لە بەشی ICUی نەخۆشخانەکانیشدا کێشەی کەمیی دەرمان و پێداویستی پزیشکی هەیە.
ئەنجوومەنی دەرمانسازانی ئێران: لە 6 مانگی داهاتوودا 
دکتۆر حەمید خۆیی، سکرتێری ئەنجوومەنی دەرمانسازانی ئێران دەڵێت، "ئێستا لە قەیراندا نین"، بەڵام ئەگەر کێشەکانی کەرتی دەرمانسازی چارەسەر نەکرێن، سێ بۆ شەش مانگی دیکە تووشی قەیران دەبن. 
 
بە گوتەی دکتۆر حەمید خۆیی، دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن، گەمارۆکان، زیاتربوونی تێچووی بەرهەمهێنان و کەمبوونەوەی داهات گەورەترین کێشەی بەرهەمهێنەرانی دەرمانن. وەکو نموونە ئاماژە بە ژیناو دەکات و دەڵێت: کەمبوونی ژیناو بەهۆی ئەوە نییە ناتوانین بەرهەمی بهێنین، بەڵکو هۆکارەکەی ئەوەیە، قازانجی کەمە و کۆمپانیاکان بەرهەمی ناهێنن.
 
وادیارە کێشەکە لە هەموو ئێرانیش لە یەک ئاستدا نییە. عەلی ئەکبەر بەستامی، پەرلەمانتاری ئیلام رۆژی یەکشەممە 08-01-2023 گوتی، کێشەی کەمیی دەرمان بە تایبەت لە پارێزگا "پەراوێزخراوەکان گیانی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە." 
 
مەترسییەکە گەیێندراوەتە بەرپرسانی باڵای ئێران، بەڵام هێشتا بڕیارێک بۆ چارەسەرکردنی نەدراوە.
 
حوسێن عەلی شەهریاری، سەرۆکی کۆمیسیۆنی تەندروستیی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: ئێستا 11 هەزار ملیار تمەنی کۆمپانیاکانی دەرمان قەرزدارین و پارەی ئەوانمان نەداوە. سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی دەڵێن، کێشەمان نییە، بەڵام من نیگەرانم. ئەگەر قەرزی ئەو کەسانەی دەرمان بەرهەم دێنن و دابەشی دەکەن، نەدەین و پارەیان بە دەستەوە نەبێت، تووشی کێشە دەبن. ئەو قەرزە نەدرێت، نیگەرانی جیدی هەیە کە تووشی کێشە بین. 
 
وەک حوسێن عەلی شەهریاری دەڵێت: "نیگەرانییەکانمان بە نووسراو بە سەرۆکی سێ دەسەڵاتەکە راگەیاندووە و میدیاکانیشمان ئاگادار کردووەتەوە تاوەکو دواتر نەڵێن، ئەگەر دەتانزانی ئەو کێشەیە هەیە بۆچی باستان نەکردبوو."
 
رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئێران دەڵێت، ژیناویان بەشی چوار مانگ هەیە. 60%ی دەرمانەکانیشیان بەشی شەش مانگ پاشەکەوت کردووە، بەڵام لە دابینکردنی 100 جۆر دەرماندا کێشەیان هەیە، کێشەیەک کە لەوانەیە بە نرخی لەدەستدانی گیانی نەخۆشەکان تەواو بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە