کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان: رێژەی تووشبووانی ئۆتیزم هەڵکشاوە و "ئاماژەیەکی مەترسیدارە"

08-01-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان دەڵێت، لە ساڵانی نەوەتەکاندا لە 150 منداڵ یەکێک ئۆتیزمی بوو، بەڵام ئێستا رێژەکە هەڵکشاوە لە 90 منداڵ یەکێکی ئۆتیزمە. دەشڵێت، "لە هەرێمی کوردستاندا سێ سەنتەری حکومی بۆ راهێنان بە منداڵانی ئۆتیزم هەن، بەڵام بەشێکی زۆری سەنتەرە ئەهلییەکان کە راهێنان بە منداڵانی ئۆتیزم دەکەن، بازرگانی دەکەن بەسەر منداڵانی ئۆتیزمەوە."
 
کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئۆتیزم حاڵەتێکە لەنێو منداڵان لەنێوان تەمەنی سێ مانگ تاوەکو ساڵ و نیو نیشانەکانی دەردەکەوێت، کە دیقەتی کەم دەبێت و پەیوەندیی لەگەڵ دایکیدا لەچاو منداڵی ئاسایی کەمترە، بەڵام لەڕووی گەشەی جەستەییەوە کێشەی نییە.
 
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان، رێژەی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستاندا رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبێت و لە ساڵانی نەوەتەکاندا لە 150 منداڵ یەکێک ئۆتیزم بوو، بەڵام ئێستا رێژەکە هەڵکشاوە و لە 90 منداڵ یەکێک ئۆتیزمە و ئەوەش "ئاماژەیەکی مەترسیدارە" کە رێژەکەی روو لە هەڵکشانە.
 
لەبارەی هۆکارەکانی تووشبوونی منداڵان بە ئۆتیزم، کەمال جەباری دەڵێت، هۆکارێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو چەندین هۆکاری جیاوازی هەن و لەوانە هۆکاری بۆماوەیی، یان زۆرینەی ئەو ئافرەتانەی بە پێکوتە و دەرزی منداڵیان دەبێت ئۆتیزمن، بەڵام بە رێژەی جیاواز.
 
سەرۆکی کۆمەڵەکە ئاماژە بەوەش دەکات، "لە ساڵی 2008 کاتێک کۆمەڵەی ئۆتیزممان دامەزراند، نزیکەی هەزار کەیسمان هەبوو، بەڵام ئێستا نزیکەی سێ هەزار و 300 کەیسی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستاندا تۆمار کراون، چەندین کەیسیش هەن دایک و باوکان تۆماریان نەکردووە."
 
لە هەرێمی کوردستاندا سێ سەنتەری تایبەت بە راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم هەن، ئەوانیش لە ناوەندی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆکن، هاوکات چەندین سەنتەر و ناوەندی راهێنانی ئەهلیی تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم هەن.
 
کەمال جەباری ئەوەشی خستەڕوو، "لە هەرێمی کوردستاندا سێ سەنتەری حکومی هەن، ئەوانیش لە باشترین حاڵەتدا 400 منداڵ لەخۆیان بگرن، ئەوا 2900 منداڵی دیکە دەمێننەوە و دایک و باوکیان ناچارن بیانبەنە سەنتەرە ئەهلییەکان کە ئەوانیش چاودێری لەسەر نرخەکانیان نییە و هەر سەنتەرێک بە ئارەزووی خۆی نرخی داناوە بۆ راهێنان بە منداڵانی ئۆتیزم."
 
بەشێک لە ناوەندە ئەهلییەکان، بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی هەرێمی کوردستان، "بازرگانی بەسەر منداڵانی ئۆتیزمەوە دەکەن و هەریەکەیان بە ئارەزووی خۆیان نرخ دادەنێن." کەمال جەباری دەڵێت، "سەنتەری ئەهلی هەبووە، پارەی پێشەکیی سێ مانگی لە دایک و باوکی منداڵی تووشبوو بە ئۆتیزم سەندووە و ئەوەش قۆرخکردن و بازرگانیکردنە."
 
سەرۆکی کۆمەڵەکە باسی لەوەش کرد، "بەشێک لە ناوەند و سەنتەرە ئەهلییەکان نرخەکانیان جیاوازە، لە 300 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو نزیکەی 1200 دۆلار، داواشمان لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی کردووە و چەندین جار نووسراومان کردووە بۆئەوەی نرخەکان رێکبخرێن و بارگرانی لەسەر خێزانی منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم دروست نەکرێت، بەشێک لە سەنتەرە ئەهلییەکان تەنانەت مۆڵەتی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییشیان نییە."
 
کەمال جەباری بە پێویستی دەزانێت سەنتەرەکانی تایبەت بە تووشبووانی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان زیاد بکرێن، "چونکە ئەو سێ سەنتەرەی کە هەن، توانای لەخۆگرتنی منداڵانیان سنووردارە و منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم پێویستیان بە راهێنانە، چونکە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکان پێویستیان بە کردنەوەی سەنتەری تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزمە."
 
بەشێک لە سەنتەرە ئەهلییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم چاکدەکەنەوە، کەمال جەباری لەوبارەیەوە گوتی، "ئەوە تەنیا بانگەشەیە و ئەو منداڵانەی رێژەی ئۆتیزمەکەیان زۆرە، هیچ ناوەندێکی راهێنان ناتوانێت بە تەواوی چاکیان بکاتەوە."
 
بە گوتەی کەمال جەباری "خەڵک هەبووە خانوو و ئۆتۆمبێلی بۆ چارەسەری منداڵە تووشبووەکەی فرۆشتووە." دەشڵێت، پێویستە لە هەرێمی کوردستاندا، حکومەت هاوکاریی دایک و باوکی منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم بکات، "هەروەک تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان تەنیا مۆڵەت بە دایکی منداڵی توشبوو بە ئۆتیزم دەدرێت، مۆڵەت بە باوکی نادرێت، پێویستە مۆڵەتیش بە باوکەکە بدرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە