سەرۆکی پەرلەمان و چەند وەزیرێک دۆخی چاکسازییەکانیان تاوتوێکرد


رووداو دیجیتاڵ 

بۆ قسەکردن لەسەر دۆخی چاكسازییه‌كان و كێشه‌كانیان، سه‌رۆكی په‌رله‌مان، وه‌زیرانی ناوخۆ، كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی لێبووردنی گشتی کراوە، بەڵام هیچ بڕیارێک نەدراوە.
 
رۆژی یەکشەممە 8-1-2023، لە راگەیێندراوێکدا پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لەبارەی دۆخی چاکسازییەکانەوە به ‌سه‌رپه‌رشتیی رێواز فایەق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له‌ رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆ؛ كوێستان محەممەد، وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی؛ ڤالا فه‌رید، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان، نوێنەری سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان؛ داواكاری گشتی؛ مونا یاقۆ، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتیی مافه‌كانی مرۆڤ و هه‌ردوو لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌ مافی مرۆڤ و كاروباری یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌چوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، گفتوگۆ له‌سه‌ر ره‌وشی چاكسازییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و كێشه‌ و گرفته‌كانیان، چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ سزادراوان، جێبه‌جێكردنی پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و باشتركردنی ره‌وشی خزمه‌تگوزاری له‌ چاكسازییه‌كان كراوە.
 
بەگوێرەی زانیاییەکانی رووداو، کۆبوونەوەکە راوێژکاریی بووە، گفتوگۆ لەبارەی لێبووردنی گشتی کراوە، بەڵام هیچ بڕیارێک نەدراوە.
 
لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەرلەمانی کوردستان نزیکەی مانگێکە پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیارنییە کەی دەخرێتە بەرنامەی کارەوە.