لە دهۆک یەک سەنتەری حکومیی ئۆتیزم هەیە و زیاتر لە هەزار تووشبوو لە پارێزگاکە هەن

08-01-2023
حەیدەر دۆسکی
ژمارەیەک تووشبووی ئۆتیزم لە سەنتەرێک راهێنان وەردەگرن
ژمارەیەک تووشبووی ئۆتیزم لە سەنتەرێک راهێنان وەردەگرن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دایکێک لە دهۆک دەڵێت، کاتێک تەمەنی بووەتە دوو ساڵ و نیو ئینجا زانیویەتی کوڕەکەی هەڵگری ئۆتیزمە و رۆژانە پێویستە ببرێتە سەنتەرێکی تایبەت، بەڵام بەهۆی ئەوەی دۆخی داراییان باش نییە، لە هەفتەیەکدا تەنیا یەک رۆژ دەیباتە سەنتەرەکە، چونکە سەنتەرەکە ئەهلییە. 
 
دایکی عەبدوڵڵا بە رووداوی گوت، "حکومەت هیچ هاوکار نییە، لەم دهۆکە سەنتەرێک نییە بیبەم [کوڕەکەی ببات] هەموو سەنتەرەکان دەڵێن بوەستە و شوێنمان نییە."
 
لە دهۆک پێنج سەنتەری ئەهلی تایبەت بە ئۆتیزم هەن، هەر یەکێک لەوان شێوازێکی تایبەت بۆ فێرکردن و راهێنان بە تووشبووانی ئۆتیزم بەکاردەهێنێت. هەروەها ئەو نرخەی کە وەریدەگرن لە سەنتەرێکەوە بۆ سەنتەرێكی دیکە جیاوازە.
 
جەمال بچاق، بەڕێوەبەری سەنتەری "NBAC"ـی ئۆتیزم بە رووداوی گوت، "لێرە توانای وەرگرتنی 50 منداڵمان هەن بۆ هەر منداڵێکیش لە نێوان 150 هەزار بۆ 600 هەزار دینارە بەگوێرەی منداڵەکە."
 
ئیبراهیم عەبدولستار، بەڕێوەبەری سەنتەری هیڤی دەڵێت، "سەنتەرەکەمان توانای وەرگرتنی 40 تاوەکو 50 منداڵی هەیە، بە شێوەیەکی ئەکادیمی و پرۆفیشناڵ مامەڵە لەگەڵ منداڵەکان دەکرێت."
 
تاکە سەنتەری حکومیی تایبەت بە ئۆتیزم لە دهۆک لە ساڵی 2013 کراوەتەوە، بەڵام ئەوەش توانای وەرگرتنی سنووردارە. ئەوە لە کاتێکدایە بەگوێرەی داتاکان، لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە هەزار تووشبووی ئۆتیزم هەن کە ئەو سەنتەرە حکومییە تەنیا دەتوانێت 90 منداڵ وەربگرێت.
 
ئەو سەنتەرە حکومییە کێشەی کەمیی ستاف و فەرمانبەریشی هەیە. سەگڤان جەمال، بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزمی حکومی لە دهۆک باسی لەوە کرد، "پێویستمان بە فەرمانبەری زیاترە، پێویستمان بە پزیشکە بۆ چارەسەری منداڵەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوە نەکراوە."
 
جگە لە دهۆک و زاخۆ، هیچ سەنتەرێکی حکومی و ئەهلی لە قەزاکانی ئاکرێ، بەردەڕەش، سێمێل و ئامێدی نییە کە ئەوەش کێشەی زۆری بۆ دانیشتووانی ئەو سنوورە دروستکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە