رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، داوایان کردووە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ ئەوان بێت، بەربژێریشیان بۆ ئەو پۆستە دیاریکردووە، بەڵام تاوەکو لەگەڵ یەکێتی نەگەنە رێککەوتن هیچ ناوێک ئاشكرا ناکەن.
عەدنان کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک- گەرمیان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، چوونی شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، بە کارنامەیەکی هاوبەش و بە 49 پەرلەمانتارەوە بۆ کورد باشترە و پێگەی کورد بەهێزتر دەکات لە دانوستاندنەکان.
عەدنان کەرکووکی، گوتی، "کێشە لەنێوان ماڵی شیعە هەیە و تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە، سوننەکان دەتوانن بگەنە ئەنجامێک بۆ دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر لایەنە شیعییەکان نەگەنە رێککەوتن پارتی بڕیاری خۆی دەدات بۆ ئەوەی ئەو دۆخە درێژە نەکێشێت، بەڵام شیعە ئەگەر لە دوا ساتەکانیش بێت هەر دەگەنە رێککەوتن، بۆیە باشترە کورد تا دوا سات چاوەڕێبکات و خۆی لەسەر لایەنێک یەکلایی نەکاتەوە. ئەگەر کورد بەلایەکدا بشکێتەوە و ئەوانیش رێکبکەون لایەکەی دیکە دژی خواستەکانی کورد دەوەستێتەوە."
عەدنان کەرکووکی گوتیشی، "کام لایەن زیاتر داخوازییەکانی کورد جێبەجێ بکات پارتی لەو لایەنە نزیکترە، ئەمجارە کورد دەبێت هەموو داواکارییەکانی خۆی لە کارنامەی حکومەت جێگە بکاتەوە و هەموو شتێک بە نووسراو بێت. کورد لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ عێراق کێشەی ناوچە کوردستانییەکان، پێشمەرگە، بودجە و کێشەی یاسای نەوت و گاز لە پێشینەی داواکارییەکانی دەبن."
لەبارەی بەربژێری سەرۆککۆماری عێراق و پارێزگاری کەرکووک ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی زانیارییەکانی ئەو تاوەکو ئێستا هیچ بەربژێرێک بۆ سەرۆککۆمار یەکلایی نەبووەتەوە، کێشەی پارتی لەگەڵ هیچ کەسێک نییە بۆ سەرۆککۆمار، بەڵام کێشەیان لەگەڵ هەڵوێستەکانی ئەو کەسەیە کە دەبێتە سەرۆککۆمار و هاتنە دەنگە لەسەر مافەکانی کورد.
عەدنان کەرکووکی، ئەوەی خستەڕوو، "ئێمە بڕوامان بە خۆمان هەیە کە دەتوانین خزمەتی کەرکووک بکەین و هاوسەنگی لەنێوان هەموو لایەک رابگرین، دەتوانین زۆربەی کێشەکانی کەرکووک چارەسەر بکەین، بەربژێرمان ئامادەیە بۆ پارێزگاری کەرکووک، بەڵام تاوەکو لەگەڵ یەکێتی نەگەینە رێککەوتن هیچ بەربژێرێک ئاشكرا ناکەین."
هەروەها لەبارەی ئەگەری پێنەدانی پارێزگاری کەرکووک بە کورد و هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان عەدنان کەرکووکی ئاماژەی بەوە کرد، پۆستی پارێزگاری کەرکووک هەمیشە لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دیاریکراوە و هیچ پەیوەندیی بە پۆستەکانی بەغداوە نییە، تورکمان و عەرەبیش خۆیان پێیانوایە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن کورد زۆرینەیە، بە هەموو پێوەرێک پۆستی پارێزگاری کەرکووک مافی کوردە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ