نموونەی DNA لە کەسوکاری کۆچبەرە بێسەروشوێنبووەکان وەردەگیرێت


رووداو دیجیتاڵ

دەزگای لووتکە بۆ کاروباری پەنابەران، بە لە ئەستۆگرتنی خەرجی لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە هاوکاری بەڕێوەبەری سەنتەری مایکرۆجین، لە شاری هەولێر نموونەی DNAی لە کەسوکاری بێسەروشوێنبووان وەردەگرێت بۆ دیاریکردنی چارەنووسی کۆچبەرە بێسەروشوێنبووەکان.
 
رۆژی 21-12-2021 لە ئەنجامی نقوومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە، 25 هاونیشتمانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بێسەروشوێنبوون، بەمەبەستی بەدواداچوون و دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنبووان، دەزگای لووتکە نموونەی DNAی کەسوکاریان وەردەگرێت.
 
دەزگای لووتکە بۆ کاروباری پەنابەران، رۆژی شەممە 8-1-2022 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دوای وەرگرتنی سامپڵی کەسوکاری بێسەروشوێنبووان، کەیسەکانیان رەوانەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی یۆنان دەکرێت.
 
ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە رایگەیاند: "لە دوو رووداوەکەی کۆتایی ساڵی رابردوو چەندین قوربانی هەن، لە رووداوەکەی 23-12-2021 نۆ تەرم هەن و لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان".
 
نوێنەری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانیەکەدا گوتی: "دوای رووداوی نقوومبوونی بەلەمێک و بێسەروشوێنبوونیان لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، کەسوکاری قوربانییەکان سەردانی د. رێواز فایەقیان کرد. سەرۆکی پەرلەمان لیژنەیەکی راسپارد سەردانی خاچی سووری نێودەوڵەتیی و دەزگای لووتکە بکرێت بۆ وەرگرتنی نموونەی DNA لە کەسوکاری بێسەروشوێنبووان".
 
سەنتەری مایکرۆجین دەڵێت، هەر تەرمێک کە لە یۆنان دەدۆزرێتەوە، تەنیا ماوەی دوو هەفتە کات هەیە بۆ بردنەوەی یان لێکۆڵینەوە و پشکنین، دوای ئەو ماوەیە تەرمەکە دەنێژرێت، ئەگەر بەخاک بسپێردرێت ئەوا تاوەکو ماوەی دوو ساڵ ناتوانرێت دەربهێنرێتەوە. "بۆیە دەبێت وەرگرتنی نموونەکان خێرابکرێت و بنێردرێن بەر لەوەی بەخاکبسپێردرێن".