پزیشکێکی ڤێتێرنەری 'وەک وەفایەک' ئەسپ و گوێدرێژ بێبەرامبەر تیمار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
گەشتی ئەمجارەی بۆ قەزای ئاکرێیە لە سنووری پارێزگای دهۆک، خاوەنی ئاژەڵە بارییەکانیش کاتێک د. سلێمان تەمەرییان بینی، ئەسپ و گوێدرێژەکانیان بۆ برد تاوەکو پشکنینیان بۆ بکات و ئەگەر نەخۆشییەکیان هەبێت، چارەسەریان بکات.
چیرۆکی د. سلێمان و ئاژەڵە بارییەکان بۆ نزیکی ساڵی 1991 دەگەڕێتەوە کاتێک لە کۆڕەوەکەدا د. سلێمان و بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە بە ئەسپ و گوێدرێژ و ئاژەڵە بارییەکانی دیکە خۆیان رزگارکرد. وەک وەفایەکیش بۆ ئەو ئاژەڵانە، د. سلێمان کە کۆلێژی ڤێتێرنەری لە زانکۆی موسڵ تەواوکردووە، بڕیاردەدات بەبێ بەرامبەر ئەو ئاژەڵانە چارەسەر بکات.
د. سلێمان ناوچەی جیاجیا دەگەڕێت، کاتێک لە ئاکرێ بوو، قسەی بۆ رووداو کرد و ئاماژەی بەوە دا، بە دەرفەت و ئەرکی خۆی دەزانێت کە هاوکاریی ئەو ئاژەڵانە بکات بەبێ بێبەرامبەر، ئیدی لە دەرمان و پێداویستییەکانی دیکە هەتا هەندێکجار ئالیکیشیان بۆ دابین دەکات.
خاوەن ئاژەڵەکانی ئەو ناوچەیەش دڵخۆشن کاتێک بەهۆی کارەوە ئاژەڵەکانیان بریندار دەبن یان نەخۆش دەکەون، د. سلێمان بەهانایانەوە دەچێت و تیماری ئاژەڵەکانیان دەکات و دەرمانی پێویستیان پێدەدات.
کارمەندێکی کۆمپانیایەکی پاککەرەوە بەناوی دڵشاد سەباح کە لە ئاکرێ بە گوێدرێژەکەی زبڵ و خاشاکی ئەو گەڕەکانە کۆدەکاتەوە کە ئۆتۆمبێل پێیان ناگات گوتی، بەهۆی سەرما و بەفر و کارەوە ئاژەڵەکانمان نەخۆش دەکەون و د. سلێمان بەبێ بەرامبەر بۆمان چارەسەر دەکات.
د. سلێمان ئەو کارەی وەکو وەفایەک بۆ خزمەتەکانی ئەو ئاژەڵانە بە کورد دەکات و دەڵێت، ئاژەڵە بارییەکان رۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە ژیانی هەموو کوردێکدا و لە راپەڕاندنی کارەکانی ژیانی رۆژانەماندا لە رابردوو، بۆیە "هەموو کوردێک قەرزاری ئەم ئاژەڵانەیە."
ئەو پزیشکە لە ساڵی 2009 رێکخراوی کوردستانی بۆ پاراستانی مافی ئاژەڵان دامەزراندووە کە رێکخراوێکی خۆبەخشییە و لەو رێگەیەشەوە دەیەوێت خزمەتی ئاژەڵە بارییەکان بکات.