کەشناسیی هەرێمی کوردستان: سبەی نمەباران لە چەند ناوچەیەک دەبارێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت. کەشناسێک دەڵێت، لە نێو شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە باران دەبارێت.
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە، 07-12-2024، بڵاویکردەوە، سبەی ئاسمان هەور دەبێت و پلەی گەرما نزیکەی دوو پلە بەرز دەبێتەوە. راشیگەیاند: "سبەی ئەگەری نمەبارانێک هەیە لە کاتەکانی ئێوارەدا بەتایبەتی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان".
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی دۆخێکی ناسەقامگیر هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە ئێوارەدا لە بەشێکی هەرێمی کوردستان نمەبارانی ناوبەناو دەبارێت".
 
بەگوتەی ئەو کەشناسە،سبەی ئێوارە تاوەکو بەرەبەیان لەم ناوچانە ناوبەناو باران دەبارێت: سلێمانی، هەڵه‌بجه، ئیدارەی گه‌رمیان، كه‌ركووك، ئیداره‌ی راپه‌رین، دیبەگە، قوشتەپە، بێستانە، پردێ و سەرگەڕان.
 
محەممەد کەمال گوتی، دووشەممە دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و بەگوێرەی پێشبینییەکان، سبەی لە دووکان و تەقتەق 15 بۆ 25 ملیمەتر باران دەبارێت. هەروەها لە ناوچەکانی دیکە 3 بۆ 9 ملیمەتر باران دەبارێت.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی بەرزترین پلەی گەرما بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 21°
سلێمانی: 19°
دهۆک: 20°
زاخۆ:  21°
هەڵەبجە : 20°
کەرکووک: 21°
سۆران: 17°
حاجی ئۆمەران: 11°
گەرمیان: 25°