وەزارەتی ناوخۆ: لێپرسینەوە لە فرۆشتنی سیمکارتە بێ ناسنامەکان کراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان فرۆشتنی سیمکارتی بێ ناسنامەی لە هەرێمی کوردستان قەدەخە کردووە. بەرپرسێکی وەزارەتەکە دەڵێت، لێپێچینەوە لەو کەسانە کراوە ئەو سیمکارتانە دەفرۆشن و ئێستا بە ئاشکرا لە بازاڕەکاندا نەماوە.
31-10-2024 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نووسراوی فەرمی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان کردووە و داوایان لێدەکات دەست بگرن، بەسەر هەموو ئەو سیمکارتانەی لە دەرەوەی رێنوێنییە یاساییەکان دەفرۆشرێن.
ئەمڕۆ شەممە، 07-12-2024، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لێپرسینەوەی زۆر لەو کەسانە کراوە سیمکارتی بێ ناسنامە دەفرۆشن، فرۆشتنیان قەدەخە کراوە ئەگەر هەشتبێت لە بازاڕەکاندا زۆر بە نهێنی دەفرۆشرێت".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە، هەرکەس مامەڵە بە سیمکارتی بێ ناسنامەوە بکات لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
قەدەخەکردنی فرۆشتنی سیمکارتی بێ ناسنامە دوای کۆبوونەوەیەکی وەزارەتی ناوخۆ و و وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بوو بە بەشداری نوێنەری حەوت کۆمپانیای مۆبایل و ئینتەرنێت لە 31-10-2024دا.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەر شوێنێک سیمکارتی بەبێ رێکارە یاساییەکان لێ بفرۆشرێت دادەخرێت و بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ سزای پێبژاردنی بۆ دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان بە گشتی، لە رێگەی فرۆشیاری گەڕۆکەوە سیمکارتی کۆمپانیاکانی پەیوەندی دەفرۆشران بەبێ تۆمارکردنی بەناوی کەسی کڕیارەوە.