ئەردۆغان سەردانی دیلۆکی باکووری کوردستان دەکات و خانوو دابەشدەکات
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ شەممە سەردانی پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان دەکات و 5,113 یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە و ماڵباتی دیکەی بێ خانوو دا دابەشدەکات.
بەگوێرەی پرۆگرامی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ شەممە، 7-12-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە یاوەریی شاندێک سەردانی دیلۆک دەکات؛ کلیل بەسەر هەزاران ماڵباتی زیانبەرکەوتووی بوومەلەرزە و بەشێکیش لەوانەی حکومەت بە شایستەیان دەزانێت، دابەشدەکات.
هاوکات ئەردۆغان بەشداریی لە کۆبوونەوەی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە دیلۆک دەکات.
رۆژی 06-02-2023 دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 7.7 و 7.8 پلەی رێختەر لە ژمارەیەک شاری باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریایان دا.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە تورکیا و باکووری کوردستان 50 هەزار و 783 کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها لە سووریا و رۆژئاوای کوردستاندا 8 هەزار و 476 کەس گیانیان لەدەستداوە.
هەر بەگوێرەی ئامارەکان، لە پارێزگای دیلۆک 3 هەزار و 897 کەس گیانیان لەدەستدا و 25 هەزار و 276 کەسیش بریندار بوون.
دوای بوومەلەرزەکان، حکومەتی تورکیا بڕیاری دروستکردنی 18 هەزار 544 شوققە لە نێو شاری دیلۆک و 9 هەزار و 130 خانوو بۆ گوندەکانی ئەو پارێزگایە دا.