داوا دەکرێت بودجەی شارەوانیی ورمێ 50٪ زیاد بکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکایەتی شارەوانیی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایدەگەیێنێت، داوایان لە ئەنجوومەنی شارەکە کردووە بۆ ساڵی داهاتوو بودجەی شارەوانییەکەیان بە رێژەی 50٪ زیاتر بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەشێک لە کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
 
شارەوانیی ورمێ بە گوتەی سەرۆکەیەی ئێستا بەدەست کۆمەڵێک کێشەی گەورەی وەک کۆنیی ئامێرەکانی گواستنەوەی گشتی، کۆنبوون و کەمیی ئۆتۆمبێلی تایبەتی ئاگرکوژێنەوە، کۆنیی ئۆتۆمبێلەکانی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک و چەندین کێشەی دیکەوە دەناڵێنێت. 
 
مورتەزا مەنافی سەرۆکی شارەوانیی ورمێ دەڵێت، "بودجەی ئەم ساڵی شارەوانییەکەمان لەلایەن ئەنجوومەنی شاری ورمێوە بەراورد بە ساڵی پار بە رێژەی 48٪ زیاد کرا و هیوادارین ئەنجوومەنی شار بۆ ساڵی داهاتووش بە رێژەی 50٪ بوودجەمان زیاد و پەسند بکات." چونکە "بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە پێویستە بودجەی شارەوانی بە گوێرەی قەبارەی پێداویستییەکان زیاد بکرێت."
 
لە شاری ورمێ کێشەی قەرەباڵخی و ترافیکیش هەیە. بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش مەنافی گوتی، "پێویستیمان بە بودجەیەکی زیاترە، هەروەها پێویستە تێرمیناڵی شارەکە یان بۆ شوێنێکی دیکە بگوازرێتەوە یان زەوییەکانی دەوروبەری لەلایەن شارەوانییەوە بکڕدرێت بۆ ئەوەی رووبەری تێرمیناڵەکە زیاتر بکرێت."
 
ئەو بەرپرسەی شارەوانیی ورمێ هەروەها دەڵێت، سەرەڕای جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوازی لە پلانیاندایە شوێنی چەندین پیشەش وەک ئاسنفرۆشەکان بگۆڕن، ئەمەش بودجەیەکی تایبەتی پێویستە، بۆیە شارەوانیی ورمێ بۆ ساڵی داهاتوو بودجەیەکی زیاتری پێویستە.
 
بەپێی ئاماری فەرمیی ئێران، شاری ورمێ دەیەمین شاری گەورەی ئێران و دووەم شاری گەورەی رۆژهەڵاتی کوردستانە لە دوای کرماشان و ژمارەی دانیشتووانی شارەکە زیاترە لە یەک ملیۆن کەس.