رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا بە ئامادەبوونی باڵیۆز و کۆنسوڵی گشتی و نێردەی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، داوایکرد کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە ئێوارە خوانێکی تایبەتدا، بەبۆنەی جەژنەکانی لەدایکبوون و سەری ساڵ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر پێشوازیکرد لە باڵیۆز و کۆنسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتکارانی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی لەبارەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق گوتی، "هیوادارم چارەسەر بۆ هەموو کێشەکان بدۆزینەوە پێش ئەوەی بگاتە ئاستێک کە پێویست بکات چەند بڕیارێکی سەخت بدرێن." گوتیشی، "داوا دەکەین کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێن ."
لە بەشێکی گوتارەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە شەڕو ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و نیگەرانی و خەمباربوونی بۆ گیانلەدەستدانی خەڵکی سڤیل دەربڕی و جەختی لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و بە شێوازێکی ئاشتییانە کردەوە.
هەروەها باسی لە ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژیانی خەڵک کرد و داوای پەرەپێدانی هاوئاهەنگی و هاریکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
لە ئێوارە خوانەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی پێشکێشی ئامادەبووان کرد و پیرۆزبایی جەژنەکانی لەدایکبوون و سەری ساڵی لێکردن و هیوای ساڵێکی پڕ لە شادی و سەرکەوتنی بۆ خواستن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ