بەڕێوەبەری دوورخراوەی تەندروستیی چەمچەماڵ: بەهۆی خانوویەکەوە 7 ساڵە ئاوی چەمچەماڵ پاکنەکراوەتەوە

07-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستی چەمچەماڵ دوای دوورخستنەوەی لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانییەوە، دەڵێت "بەهۆی ئەوەی هاووڵاتییەک خانووی لەسەر حەوزی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ دروستکردووە کە رێگری لە پاککردنەوەی ئاوی دابینکراو بۆ نزیکەی 80 هەزار کەس دەکات، بەوهۆیەوە حەوت ساڵە پاکنەکراوەتەوە".
 
ئەمرۆ پێنجشەممە، 7-12-2023، فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستیی چەمچەماڵ، روونکردنەوەیەکی لەبارەی دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی بە ژمارەیەک بەڵگەنامەوە بڵاوکردەوە کە تێیدا باسی کێشەکانی ئاوی خواردنەوەی قەزاکە دەکات کە گوایە لەسەر ئەوە لابراوە. دەشڵێت، "پێشنیازی چوار پۆستی دیکەیان بۆ کردووە، بەڵام بەهۆی بێ ئومێدییەوە بڕیاریداوە خانەنشین ببێت".
 
لە روونکردنەوەکەیدا بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستیی چەمچەماڵ دەڵێت، "سەرەڕای ئەوەی شاری چەمچەماڵ بەتەنیا خۆی هێندەی هەردوو وڵاتەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا سامانی سرووشتی هەیە، کەچی ئاوی خواردنەوەی نییە و خەڵکەکەی پازدە رۆژ جارێک ئاویان دەدرێتێ و ئاوەکەش لەناو زبڵداندا حەوت ساڵە گلدەدرێتەوە."
 
هەروەها دەڵێت: "وا ئێستا ئاگادارمکردنەوە و بە هەموو دەنگم هاوار دەکەم: حەوت ساڵە حەوزی ئاوی خواردنەوەی شارەکەیان پاکنەکراوەتەوە، قەسابخانەکەشیان هیچ مەرجێکی تەندروستی تێدا نییە، بزانم چەند کەس لەجیاتی من دێنە دەنگ؟ وامزانی ئەگەر تاوان ئاشكرا بکەم رێزم لێدەگرن، کەچی دەریانکردم."
 
هەروەها لەو روونکردنەوەیەیدا کە هاوپێچکراوە بە ژمارەیەک نووسراوی فەرمی کە بۆ قایمقامییەتی قەزای چەمچەماڵ و دامەزراوەکانی دیکە کراوە و ئاماژە بۆ ئەوە کراوە ئاوی قەزاکە پیسبووە و پاکناکرێتەوە، روونیدەکاتەوە: "وامزانی ئەگەر تاقیگەی ناوەندی و سەنتەری گورچیلەی دەستکرد و سەنتەری پسپۆڕی ددان و سەنتەری فریاکەوتن و خودەج و پزیشکی دادوەری و دەیان هۆبە و بەش و هۆڵی منداڵبوون و دوو نەخۆشخانە و سەدان ئامێری پزیشکی و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی دەرمان و ئەمبوڵانس و بەبڕی هەشت ملیار دینار کەلوپەل لەم قەیرانەدا بۆ ئەم تەندرووستی ئەم شارە بکڕم، پەیکەری ڕیزلێنانم بۆ دروست دەکەن و مناڵەکانم شانازی بە پەیکەرەکەی باوکیانەوە دەکەن، کەچی لەبەر خاتری خاترداران کە خانوویان لەسەر حەوزی ئاوخواردنەوەی شارەکە دروستکردبوو، دەریان کردم."
 
د. فەرهاد قادر، باسی داواکاری گشتیش دەکات و پرسیاری ئەوەی لێدەکات کە دوای روونکردنەوەی وەڵامی دەبێت و رێکار دەگرێتەبەر یان نا، ئەو دەڵێت: "خۆ داواکاری گشتی ئەم وڵاتە ئەم نووسینەی من دەبینێت، یان کەسێک هەیە پێی بڵێت کە بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە روون و راشکاوی دەڵێت حەوزی ئاوی خواردنەوەی شارێکی گەورە و گران حەوت ساڵە بەهۆی تاکە کەسێکەوە کە رێگر بووە لەپاکردنەوەی، پاکنەکراوەتەوە و هەموو بەڵگەکانیش لە کۆمێنت دادەنێم بزانم داوکاری گشتی لەسەری دێتە دەنگ؟"
 
شەوی پێنجشەممە، 7-12-2023، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوزاری هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو قسانەی بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستیی چەمچەماڵ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "راستە ئاوی حەوزەکە پیسە، بەڵام بەو رادەیە نییە کە بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستیی چەمچەماڵ باسی دەکات، ئێمە مانگانە دوو بۆ سێ جار پشکنین بۆ ئاوەکە دەکەین و شیاوە بۆ خواردنەوە."
 
سەبارەت بەو قسانەی بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستیی چەمچەماڵ کە گوایە حەوت ساڵە ئاوەکە پاک نەکراوەتەوە، روونیکردەوە، "بەشێک لە هۆکارەکانی پاکنەکردنەوەی ئەوەیە کە لە دەورووبەری حەوزەکە خانووی زێدەڕۆ دروستکراون، بەڵام نووسراو کراوە بۆ لابردنیان و چاوەڕوانی رێکارەکانین، چونکە بەپێی یاسا بەرکارەکان، تاوەکو 25 مەتر بە دەورووبەری ئەو پڕۆژەیە دەبێتە زەویی موحەڕەممە و نابێت هیچ خانوو و پڕۆژەیەکی دیکە لەسەر ئەو زەوییە هەبێت."
 
بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سلێمانی کە واژۆی د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی لەسەرە و بۆ وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانی ناردووە، رۆژی 4-12-2023،د. فەرهاد محەممەد مستەفا لە پۆستی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی چەمچەماڵ بەخشراوە و لە شوێنی ئەو د. نوورەدین جەلال فەتاح، بە وەکالەت دەستبەکار دەبێت.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."