رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژە لە دێرسمی باکووری کوردستان بەفر دەبارێت، پارێزگاری شارەکەش رۆژێک پشووی خوێندنی راگەیاند.
ئێوارەی رۆژی 6ـی کانوونی یەکەمی 2023، شەپۆڵێکی بەفربارین و سەرما و سۆڵە بەرزاییەکانی شارۆچکەی یەدیسوو سەر بە پارێزگای دێرسم-ی باکووری کوردستان گرتەوە و لە کاتی نیوەشەودا ناوەندی شارۆچکەکەی گرتەوە و 32 سانتیمەتر باری و تەواوی ناوچەکەی سپیپۆش کرد.
رۆژی 4ـی مانگ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا هۆشداری دابەزینی پلەی گەرما و بەفربارینی لە ناوچە شاخاوییەکانی دێرسم بڵاوکردبووە و رایگەیاند، پلەی گەرما بە کاتی شەو دەگاتە پێنج پلەی ژێر سفری سەدی و سەهۆڵبەندان دروست دەکات.
بەردەوامیی بەفربارین، پارێزگاری دێرسم ناچارکرد، بڕیاری رۆژێک پشووی خوێندن بۆ سەرجەم قۆناخەکان رابگەیێنێت.
دەزگای ئافاد-یش لەم شارەدا هۆشداری بە شوفێراندا، بەهۆی بەستنی رێگاکان و دروستبوونی شەختە و زوقم، هاتووچۆ سەخت دەبێت، بەتایبەتی بۆ بارهەڵگرەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ شەپۆڵی بەفربارین پارێزگاکانی جۆلەمێرگ، ئەرزەڕۆم، ئەردەخان، ئیدر، ئاگری و قەرس و بەشێک لە پارێزگای وان گرتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ