رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە ژمارەیەک چەکداری سەر بە حەشدی شەعبی هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی سونگور لە سنووری قەزای خورماتوو و رێگرییان لە جووتیارانی کورد کردووە و نەیانهێشتووە کار لەسەر زەوییەکانیان بکەن.
سەباح سونگوری، موختاری گوندەی سونگور لە سنووری پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەکدارەکان بۆ پاڵپشتی لە ئاغایەک بە ناوی (ج. د.) هاتوونەتە سەریان کە داوای زیاتر لە دوو هەزار دۆنم زەویمان لێدەکەن."
گوتیشی "ویستوویانە پەلاماری جووتیاران بدەن، بەڵام سوپای عێراق هاتوون و رێگرییان لە پێکدادانی نێوانیان کردووە. لەسەر ئەو دەستوەردانەی حەشدی شەعبی و لایەنگری بۆ لایەنێکی کێشەکە چووینە دادگەی خورماتوو و سکاڵامان تۆمارکردووە".
سەباح سونگوری لەبارەی سەرچاوەی کێشەکەوە ئاماژەی بەوەکرد "خاوەندارێتی راستەقینەی زەوییەکان بۆ جووتیارانی رەسەنی گوندەکە دەگەڕێتەوە و تاپۆی سەردەمی عوسمانییان هەیە، بەڵام لە ساڵی 1985 کە راگوێزراون، ئەو کەسە کە ناوی (ج. ئاغا)یە، لە پای وەفاداری بۆ بەعس گرێبەستی لەسەر زەوییەکان بۆ کراوە، دوای 2003 خەڵک گەڕانەوە گوندەکە و زەوییەکانیان وەرگرتەوە، کەچی ئێستا بۆ جارێکی دیکە دەیانەوێ زەوییەکانیان داگیر بکەن".
قەزای خورماتوو یەکێکە لە بێ خزمەتگوزاریترین قەزاکانی پارێزگای سەڵاحەدین، تاوەکو ئێستا ئاسەواری رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری پێوە دیارە، دانیشتووانی ئەو قەزایە زۆرینەیان کوردن و کێشەی سەرەکییان تەعریب، داگیرکردنی زەویی کورد، نەبوونی دامەزراندن و خزمەتگوزارییە.
زیاتر لە شەش ساڵە خورماتوو، لە دۆخێکی خراپدایە و کورد تەواوی پۆستە ئیدارییەکانی لێسەندراوەتەوە، بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش سێ بەربژێری کورد بەجیا و لە سێ هاوپەیمانیێتی جیادا خۆیان بەربژێر کردووە.
تورکمانی شیعە و دواتر عەرەبی سوننە، هەموو پۆستە ئیدارییەکانی خورماتوویان لە دەستدایە، حیزبە کوردستانییەکانی شارۆچکەکە دەڵێن، "ئەگەر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کورسییەک زیاتر نەهێنین، مەترسی لەدەستدانی خاکەکەشمان دەبێت."
یاسین محەممەد، یەکێک لە بەربژێرە کوردەکانی خورماتوو قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "بەداخەوە خورماتوو لە دۆخێکی باشدا نییە و کەوتووەتە نێوان دوو بەرداشی تەعریب، لەلایەکەوە عەرەبی سوننە چاوی لەزەوی و کشتوکاڵ و ناوچەکەمانە و لەلایەکی دیکە تورکمانی شیعە تەماحی زەوی و ناوچەکانی ئێمەیان گرتووە، بۆیە ئێمە وەکو کورد لە خورماتوو لەم هەڵبژاردنە پێویستە نوێنەر دیاری بکەین چونکە ئەگەر هەر شارێک نوێنەری نەبێت واتا ئەو نەتەوەیە لەوێ نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ