رووداو دیجیتاڵ
گۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە بابەتی ئەم جارەی پرۆژەی دەستپێشخەری لاوانی خۆبەخشی روانگەیە. گرووپی خۆبەخشی پێنج برای دەڤەری سیدەکان، یەکێکە لە پرۆژە سەرکەوتووەکانی ئەم ساڵ، سێ برایان ئامادەن، ئەوان نزیکەی 200 گوندی دەڤەرەکەیان بەسەرکردووەتەوە و لە قوتابخانەکانیش هۆشیاریی ژینگەیی بڵاودەکەنەوە.
هۆشمەند برادۆستی، سەرپەرشتیاری گرووپی خۆبەخشی پێنج برا دەڵێت، "ئێمە بە گرنگمان زانی پرۆژەیەک پێشکێشی دەزگەی روانگە بکەین، پرۆژەکە زۆر گرنگە و سەرنجمان لەسەر دوو بابەت بوو، یەکەم پەروەردەی هۆشیارییە لە رێگەی سەردانی گوندەکان، دووەمیشیان دوورکەوتنەوەیە لە مادە پلاستیکییەکان."
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەری گۆرانی کەشوهەوای لەسەرە، بۆیە بەشداربوونی ناوەڕاست و خوارووی عێراق پرۆژەکانیان بۆ بەرنگاربوونەوەی بەبیابانبوونی عێراقە.
نەجلا بەدری، سەرپەرشتیاری تیمی باڵیۆزانی ئاو دەڵێت، "گرنگترین شت کە کاری کردبێتە سەر ژینگەی عێراق دوو شتە، یەکەم پیسبوونی کەشوهەوا کە عێراق ماوەیەکە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، دووەمیشیان ئەو وشکبوونەیە کە زەوییە کشتوکاڵییەکانی گرتووەتەوە."
پرۆژەی لاوانی خۆبەخش ماوەی شەش ساڵە بەردەوامە و سەرەتا تەنیا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام ماوەی دوو ساڵیشە هەموو پارێزگاکانی عێراقی گرتووەتەوە.
10 گرووپ لەکۆی 309 گرووپ لە پرۆژەی دەستپێشخەریی لاوانی خۆبەخش لەلایەن دەزگەی روانگەوە کە تایبەت بوو بە گۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە هەڵبژێردران، بەڵام ئەو 10 گرووپە چاوەڕوانن یارمەتیی دارایی بکرێن و دەستی حکومەتیان لەپشت بێت تاوەکو بتوانن پەرە بەکارەکانیان بدەن.
بۆساڵی 2023 دەزگەی روانگە نزیکەی نۆ ملیۆن دیناری بۆ هەر پرۆژەیەک تەرخانکردووە، کۆی گشتیی پارەی خەرجکراو بریتیە لە 81 ملیۆن و 275 هەزار دینار.
دکتۆر رێبەر تەحسین، ئەندامی لیژنەی هەڵسەنگاندنی دەزگەی روانگە دەڵێت: "ئەم 10 پرۆژەیە لەسەر ئەو پێوەرانە هەڵبژێردراون کە بەکاردێن بۆ هەڵبژاردنی باشترین پرۆجێکت ، ئەوانیش بریتین لە کاریگەریی پرۆژەکە، زۆری بەشداربووان، بەردەوامی و شوێنی دابەشبوونی پرۆژەکە."
دەستپێشخەریی لاوانی خۆبەخش پرۆژەیەکی ساڵانەی رێکخراوی روانگەیە کە لەو رێگەیەوە داوا لە کوڕ و کچان دەکات بە گرووپ کۆببنەوە لە چوارچێوەی پێشکەشکردنی پرۆژەیەک و کێبڕکێ لەسەر پرۆژەکان، لەپێناو بەدەستهێنانی پشتیوانی دارایی بۆ ئەو پرۆژانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ