هاوبەشیی رووداو لەگەڵ UNFPA پەرە بە تواناکانی ئافرەتان دەدات لە بواری میدیاییدا

رووداو دیجیتاڵ 

تۆڕی میدیایی رووداو هاوبەشییەک لەگەڵ سندووقی دانیشتووانی نەتەوەیەکگرتووەکان UNFPA رادەگەیێنێت. هاوبەشییەکە بۆ راهێنانی ئافرەتانە لە بواری کاری میدیایی دا. 
 
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لەکاتی راگەیاندنی هاوبەشییەکە گوتی، "بەپێی دوایین ئاماری خەمڵێندراوی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کە ئەمڕۆ دراوەتە رووداو، ژمارەی دانیشتووانی عێراق 43 ملیۆن و 324 هەزار کەسە، کە 49.5% لە رەگەزی مێن و 50.5% لە رەگەزی نێرن، بەڵام هێشتا ئەو رێژەیە لەنێو بوارەکانی ژیان و کارکردندا لە هەرێمی کوردستان و عێراق رەنگینەداوەتەوە. زۆربوونی رۆژنامەڤانی چالاکی ژن دەتوانێت نموونەی زۆر گرنگ و هاندەربێت بۆ زیاتر هاتنەپێشەوەی ژنان لە هەموو بوارەکاندا، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر کێشە و سەرکەوتنەکانی ژنان ببنە مژاری راگەیاندن و رای گشتی و پشتیوانی بۆ دروست ببێت. لەبەرئەوە ئەم هاوبەشییەمان هەنگاوێکی گرنگە لەسەر رێگەیەکی راست بۆ یەکسانی لە کۆمەڵگە و بوارێکی گرنگی کاردا."
 
گارێکت هایراپێتیان، جێگری نوێنەری UNFPA باس لە گرنگیی هاوبەشییەکە دەکات و دەڵێت، "ئەم هاوبەشییە گرنگە لە بەر دوو هۆکار، یەکەمیان ئەوەیە کە ژنان و کچان بێنە ناو کاری رۆژنامەگەریەوە و فێر بن بە ئەکادیمیانە کاری رۆژنامەڤانی بکەن. دووەمیان ئەوان کێشە گرنگەکانی پەیوەست بە کۆمەڵگە باس بکەن و رۆڵی پیاو و ژن دیاری بکەن." 
 
تۆڕی میدیایی رووداو بایەخێکی تایبەت بە گەشەپێدانی بەردەوام دەدات کە لەساڵی 2015ـوە بووەتە پلان و ئامانجێکی سەرەکیی نەتەوە یەکگرتووەکان. 
 
روەیدا مستەفا، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی رووداو دەڵێت، "ئەم هاوبەشیە گرنگە چونکە رووداوی یەکەم کۆمپانیای میدیاییە لە عێراقدا کە هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بۆ بە پیشەییبوونی رۆژنامەڤانی ئافرەت و یارمەتییان بدات، کارەکەش بە بێ جیاوازی هەموو ئافرەتان دەگرێتەوە، ئەوانەی حەز بە بواری میدیایی دەکەن."
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە ماوەی رابردوودا هاوبەشیی سەرکەوتووانەی هەبووە لە بواری فێرکردن و راهێنانی رۆژنامەڤانی دا، پلانیش هەیە بۆ بایەخدانی زیاتر بەو بوارە.