گرووپێکی خۆبەخش هەوڵی سەوزکردنی گوندەکان و پاککردنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان دەدەن

رووداو دیجیتاڵ 

گرووپی خۆبەخشی هاوار کە لە ژمارەیەک گەنجی خۆبەخش پێکهاتوون، بە پاڵپشتیی دەزگەی روانگە پرۆژەیەکیان دەستپێکردووە بۆ سەوزکردنی گوندەکان و پاککردنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان لە هەرێمی کوردستان.
 
پرۆژەکە لە چوارچێوەی پرۆژەی دەستپێشخەریی لاوانی خۆبەخشدا و لەپێناو برەودان بە کولتووری خۆبەخشی و خزمەتکردن بەڕێوەدەچێت، سەرەتاش لە سەوزکردن و پاککردنەوە لە گوندی هاواری کاکەییان دەستیپێکرد. 
 
رۆژين مەنسوور، یەکێکە لە خۆبەخشەکان و لەبارەی گرووپەکە و کارەکانیان بۆ سەوزکردنی گوندەکان و پاککردنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان دەڵێت، "کارکردنی خۆبەخشی لەگەڵ ڕێکخراوەکان ئامانجی ئەوەی لە پشت نیيە کە دەستکەوتێکت هەبێت بەڵکو ئەوەيە جێ دەستی خۆت دياری بکەیت، بۆ ئەوەی بتوانيت خزمەت بە چينێکی وەک خۆت يان جياوازتر بکەيت بۆيە پێموايە کاری خۆبەخشی بتوانێت پەيامێکی زۆر جوان بە هەموو کەس ببەخشێت کە بتوانيت مرۆڤانە بژيت لە هەر شوێنێک."
 
دەربەست ئەدیب، خۆبەخشێکی دیکەیە باس لەوە دەکات کە زۆر دڵخۆشە وەکو خۆبەخشێک لەو پرۆژەیەدا بەشداری کردووە و "بە پاڵپشتیی دەزگای روانگە هەستاوين بە ناشتنی ئەم نەمامانە بۆ زياتر سەوزکردنی گوندەکەمان، هيوادارين خەڵکی گوندەکەشمان هاوکارمان بن."
 
سوزان فەرەج، سەرپەرشتياری پرۆژەکەیە باسی پاڵپشتيیەکانی دەزگای روانگە دەکات و دەڵێت، "بەخۆشحاڵيیەوە ئەم پرۆژانە بەهۆی پاڵپشتیی دەزگای روانگەوە بووە کە هەميشە پاڵپشتیی گەنجانن ئامانجی پرۆژەکە لە سێ شت خۆی دەبينێتەوە کە بووژاندنەوەی کانی و سەرچاوە ئاوييەکان کە لەناو لادێکەيە دووەميش زيادکردنی رووبەری سەوزایی و سێيەميش کە لە هەمووی گرنگتر بوو بە کولتوورکردنی کاری خۆبەخشی بوو لەنێو خەڵک."
 
گرووپی هاوار، لە حەوت گەنجی خۆبەخشی پارێزگای هەڵەبجە پێکهاتوون و دەزگای روانگە پاڵپشتی داراییان دەکات بۆ پرۆژەی سەوزکردنی گوندەکانی کوردستان و پاککردنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان.