لە کەرکووک 500 هەزار تۆن گەنمەشامی بەرهەمهاتووە و سایلۆی شارەکە تەنیا 60 تۆنی وەرگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
جووتیارێکی کوردی سنووری دوبز بەرهەمی ماندووبوونی ساڵێکی لەسەر زەوی فڕێداوە و دەڵێت، حکومەتی عێراق بەرهەمی گەنمەشامی ئەمساڵیان لێ وەرناگرێت. ئەمساڵ لە کەرکووک 500 هەزار تۆن گەنمەشامی بەرهەمێندراوە و سایلۆکانی پارێزگاکە تەنیا 60 تۆنیان وەرگرتووە.
شێرزاد سەمەد، جووتیار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''حکومەت تۆنی بە 500 هەزار دینار وەردەگرێت، ئێمە لەسەر خۆمان زیاتر کەوتووە و بەو نرخەش رازین بەس حکومەت لێمان وەربگرێت تا بەمشێوەیە تێکنەچێت، هەر دۆنمێک زەوی یەک ملیۆن دیناری تێدا خەرجکراوە، ئێمە قازانجمان نییە، بەس با لەوە زیاتر زەرەر نەکەین، حکومەت گەنمەشامی هاوردە دەکات و ئەوەی ئێمەش وەرناگرێت با وەریبگرێت و بەخۆمانی بفرۆشێتەوە."
زیاتر لە 430 هەزار تۆن گەنمەشامی لە سنووری کەرکووک مەترسیی تێکچوونی لەسەرە و بەشێک لە جووتیارەکان بە ناچاری دەیانەوێت هەندێک لە گەنمەشامییەکانیان لە بازاڕەکاندا بە نیوەی نرخەکەشی بێت ساخی بکەنەوە.
ئاسۆ ئەحمەد، دووکاندار دەڵێت، ''خاکمان بە پیت و بەرەکەتە، دۆنمێک زەوی سێ بۆ چوار تۆن بەرهەمی دەبێت، خەڵک کێشەی لە نرخەکەی هەیە کە سایلۆکان وەریناگرن، بەمشێوەیە دەمێنێتەوە و ناچارین ئێمە تۆنی بە 200 بۆ 250 هەزار وەربگرین بەپێی رێژەی تێکچوونەکەی."
زۆربەی ئەو جووتیارانەی ئەمساڵ گەنمەشامییان لە کەرکووک چاندووە کوردن، وەک خۆیان باسی دەکەن، هەر تونێک گەنمەشامی نزیکەی 750 هەزار دینار لەسەریان کەتووە.
فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک پێشنیازی بۆ حکومەتی عێراق کردووە بەپەلە فریای جووتیارانی شارەکە بکەوێت بە پێچەوانەوە زیانی گەورە بەر جووتیاران دەکەوێت.
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک دەڵێت، "ئەو گوژمەیەی تەرخانکرابوو بۆ وەرگرتنی گەنمەشامی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و داراییەوە، 65 ملیار دینار بوو. ئەو گوژمەیە تەواو بوو لە رێگەی وەرگرتنی گەنمەشامییەوە. ئێمە لە چاوەڕوانیی بڕیاری ئەنجوومەنی ئابووریی وەزارەتین بۆ وەرگرتنی ئەوەی کە ماوە کە لەنێوان 500 بۆ 600 تۆن دەبێت."
بەپێی پلانی کشتوکاڵی، ئەو رووبەرە زۆرەی زەوی بە گەنمەشامی چێندراوە، بڕیاربوو حکومەتی عێراق هەموو گەنمەشامییەکان وەربگرێت و هەر تۆنێکی بە 500 هەزار دینار هەژماربکات.