هەناری کوردستان دەبێتە براند و هەنجیر، ترێ و هەرمێشی بەدوادا دێت
رووداو دیجیتاڵ
هەناری هەرێمی کوردستان هەناردەی چوار وڵات کراوە، سێ وڵاتی عەرەبی و بەریتانیا؛ سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان دەڵێت، "هەنجیر، هەرمێ و ترێش هەناردە دەکەین و ساڵانە بڕەکانیان زیاتر دەبێت." هەناری هەڵەبجە و زاخۆ دوو نموونەی هەناری بەناوبانگی کوردستانن، لە هەڵەبجە نزیکەی 9 هەزار دۆنم زەوی بە هەنار چێنراوە و ساڵانە نزیکەی 35 هەزار تۆن بەرهەمی هەیە، بەڵام بەهۆی گۆڕانی کەش و هەواوە دوو ساڵە بەرهەمی هەنار بۆ نزیکەی نیوە کەمبووەتەوە.
مەسرور بارزانی: هەناردەکردنی هەنار دەستپێکێکە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی دیکە
هەرێمی کوردستان لە رێگەی پڕۆژەیەکەوە هەناری کوردستان هەناردە دەکات. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 6-12-2022، لە پەیامێکدا نیگەرانیی جووتیارانی بۆ ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان، هەوڵەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و هەناردەکردنی بەروبوومی نێوخۆیی بەتایبەت میوە خستەڕوو و گوتی: جەخت لە یارمەتیدانی جووتیاران دەکەینەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات کە پێویستە وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی کشتوکاڵدا بکرێت، کە ئەوەش وادەکات هەلیکاری زیاتر بڕەخسێنێت، وەک چۆن کشتوکاڵ لە هەر وڵاتێک "بنەمای دروستکردنی ئابوورییەکی بەهێزە."
لەبارەی هەناردەکردنی هەناریش گوتی، هەناردەکردنی هەنار دەستپێکێکە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی دیکە. هەروەها دەڵێت، "هەموو شتێک لەسەر ئەوەیە کە تۆ پێویستیت بە چییە؟ راستە ئێمە نەوت و گازمان هەیە و زۆرترین داهاتمان لەو کەرتە بووە، بەڵام رۆژێک لە رۆژان ئەم داهاتە بەرەو کۆتایی دەچێت، دەبێت ئێمە ئەو کاتە چی بکەین؟ دەبێت لە سەرەتاوە بیر لەوە بکەینەوە کە مادام توانای ئەوەت هەیە کەرتی کشتوکاڵی وا لێبکەیت کە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ وڵاتەکەت؛ بۆ نایکەیت؟ من پێموایە تائێستا کە ئەمە نەکراوە، هەڵە بووە. دەبوو زوو وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا بکرێت بۆ ئەوەی ئەم بناخەیە لە سەرەتاوە دروستبکرێت. دوای ئەوە دێیتە سەر ئەوەی کە وڵاتانی دیکەش پێویستییان بەوەیە کە بێن ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەن لەگەڵتان، ئەم بیروڕایە کراوە، ئێمە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە دۆستمانن دانیشتووین، بیرۆکەکەمان لەگەڵیان باسکردووە کە کوردستان دەتوانێت پێداویستییەکانیان دابین بکات ئەگەر ئەوانیش بیانەوێت سوود لەو سامانە نیشتمانییە یان سرووشتییە وەربگرن."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا زیاتر جەختی لەسەر هەناردەکردنی هەنار کردەوە و روونیکردەوە، "ئەمە رێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەوەی کە لە سەرەتاوە وەکو (پالێت پرۆجێکت) شتێک بکەین، بیرمان لەوە کردەوە کە هەنار (کە هەناری کوردستان زۆریش تام خۆشە) وەکو پالێت پرۆجێکتێک بەکاربێنین و هەناردەی بکەین، بەڵام بەوە ناوەستن، دواتر بیر لەوە دەکەینەوە کە بەرهەمەکانی دیکەی کشتوکاڵیش وەکو ترێ، هەنگوین، هەنجیر و زۆر میوەی تر هەناردەی دەرەوە بکەین. پێموایە ئەمە زۆر یارمەتیدەر دەبێت بۆ جووتیارەکان و هەرێمی کوردستان بە گشتی."
سەرۆکی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان: جگە لە هەنار، هەنجیر و ترێ و هەرمێش هەناردە دەکەین
مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو کارێک دەکەین بۆ ئەوەی ئاستی هەناردەکردنی هەرێمی کوردستان زیاتر بێت، ئێمە ساڵانە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان لە گوتوبێژداین بۆ ئەوەی هەنار هەناردە بکەین، بۆیە ئێمە ساڵانی رابردوو هەوڵماندا و توانیمان بۆ یەکەمجار هەناری کوردستان هەناردەی بەریتانیا بکەین، ئەمساڵ هەناری هەڵەبجە کۆدەکرێتەوە و ئێستا 500 تۆنی لێ هەناردەکراوە بۆ وڵاتانی ئیمارات، قەتەر، کوێت و بەریتانیا؛ هەروەها چاوەڕوان دەکرێت 500 بۆ 1000 تۆنی دیکە بۆ ئەو وڵاتانە هەناردە بکرێت."
مستەفا عەبدولڕەحمان گوتیشی، "ئەو هەنارەی هەناردەکراوە، کۆکراوەتەوە و هی ژمارەیەک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام زۆرینەی هەناری هەڵەبجە و سازانە."
لەبارەی هەناردەکردنی بەرهەمەکانی دیکەشەوە، روونیکردەوە، "هەناردەکردنی هەنار سەرکەوتوو بووە، بۆیە ئێمە لە پلانماندایە بەرهەمەکانی دیکەش (هەنجیر، ترێ و هەرمێ) هەناردە بکەین و ئێستا ئەو سێ میوەیە ئامادەن بۆ هەناردەکردنیان بۆ هەمان ئەو وڵاتانە."
سەرۆکی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەناری کوردستان دەبێتە براند و دەشڵێت، "وەکو کوالیتی هەناری کوردستان سەرکەوتوو بووە و ئەو وڵاتانەی بۆیان هەناردەکراوە لە کوالیتیی هەنارەکەمان رازین و هەوڵدەدرێت ساڵانە بڕی زیاتر هەناردە بکرێت."
بەرهەمی ساڵانەی هەنار لە هەرێمی کوردستان دەگاتە زیاتر لە 50 هەزار تۆن، زۆرترین بەرهەمی هەنار ساڵانە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەیە کە لە نۆ هەزار دۆنم، نزیکەی 35 هەزار تۆن دەخەنە بازاڕەکانەوە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە: بەرهەمی هەنار بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی هەناردەکراوە بەشی زۆری هەناری هەڵەبجەیە و بۆ ئیمارات هەناردەکراوە، ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی ساڵانە بڕێکی زیاتر لەوەی ئەمساڵ رەزامەندی بۆ وەرگیراوە هەناردە بکەین، ئەوەش لە رێگەی هاندانی زیاتری جووتیاران و کار ئاسانیکردن بۆیان کە ئەمە ئەرکی حکومەتە کاری بۆ بکات."
ستار مەحموود دەشڵێت، "لە پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی 9 هەزار دۆنم باخی هەنار هەیە، لە هەر دۆنمێکدا نزیکەی 200 دار هەن، ساڵانە لەنێوان 30 بۆ 35 هەزار تۆن هەنار لە هەڵەبجە بەرهەمدەهێنرێت، ئەگەر ساڵێکی ئاسایی و بێ کێشە بێت، بەگشتیش سێ هەزار و 200 جووتیار لەو باخانە کار دەکەن."
ئەمساڵ بەرهەمی هەنار بۆ نزیکەی 12 هەزار تۆن کەمبووەتەوە، لەبارەی هۆکاری کەمبوونەوەکەش، ستار مەحموود دەڵێت، "هاوینی رابردوو بەهۆی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە بەشێکی زۆر لە دارەکانی هەنار لەناوچوون و لەلایەن خاوەنەکانییانەوە بڕدراون و بەشێکیان رزیون. هەروەها دابەزینی پلەی گەرما لە زستانی ساڵی رابردوو وایکرد زیانی زۆر بە دارەکان بکەوێت، بەوەش دوو ساڵە بەرهەمی هەنار کەمبووەتەوە."
"75 جۆر بەرهەمی جووتیاران ساخدەکەینەوە"
فەرەیدوون نامدار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سازان یەکێک لەو کۆمپانیایانەی بەشداربووە لە هەناردەی هەناری کوردستان، لەوبارەیەوە بە رووداوی راگەیاند: "هەنار یەکێکە لە میوە شاهانەکان و بەشێکی کەمی وڵاتانی جیهان ئەم بەرهەمەیان هەیە، بۆیە دەبێت بایەخی زیاتری پێبدرێت، وەرزی چنین و لێکردنەوەی هەنار لە مانگی ئەیلوول تاوەکو کانوونی یەکەم دەبێت، زۆر جار لە 25ـی ئەیلوول تاوەکو یەکی کانوونی یەکەم، هەنار لێدەکرێتەوە جۆرەکانی هەنار لە هەرێمی کوردستان زۆرن، بەڵام ساڵەخانی و کەوە هەنار دیارترینیانن و ساڵەخانی 90٪ی هەنار پێکدەهێنێت."
دەشڵێت، "ئەو هەنارەی هەناردە دەکرێت بەسێ جۆر دەخرێتە سندووقەوە، سندووقی 9 هەنار و 12 هەناری و 7 هەناریمان هەیە و پاکێجین دەکرێت و دوای دەخرێتە ساردخانە و هەناردە دەکرێت."
فەرەیدون نامدار ئاماژە بە هەناردەکردنی میوەی زیاتریش دەكات و روونیدەکاتەوە، "ئێمە لە هەنار پڕۆژەیەکی گەورەمان هەیە و لەگەڵ هەزار گوند گرێبەستمان هەیە بۆ ئەوەی باخی هەناریان بۆ بکەین، تائێستا 200 هەزار دارمان بەبێ بەرامبەر بۆ چاندوون، کار دەکەین سوود لە هەموو شتێکی هەنار وەربگرین بە تویکڵەکەشییەوە، کار دەکەین بۆ ئەوەی زیاتر لە 75 بەرهەمی کوردی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و دواتر لە دەرەوەش ساخبکەینەوە، ئەوەش لە رێگەی سەنتەر و پرۆژەیەکی گەورە لە سلێمانی ئێستا کاری لەسەر دەکەین."
ئەو گوتیشی، "ئەو هەنارەی هەناردە دەکرێت، نزیکەی دوو هەزار تۆنە، بەرهەمی 95 جووتیاری هەرێمی کوردستانە، بەرهەمەکەی جووتیاران لەلایەن لقی بازاڕێکی دیاری کوردستان لە پارێزگاکان کراوەتەوە و دەیبەنە دەرەوە، لەوێش بازاڕ بۆ بەرهەمەکە دۆزراوەتەوە و دەفرۆشرێت، بەهۆی ئەو پڕۆژەوە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە 200 هەلیکار رەخسێنراوە و نیوەی هەلی رەخسێنراو بۆ ژنان بووە."
خاوەنی ئەو کۆمپانیایە باس لە ئاسۆی داهاتوو دەکات و دەڵێت، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانییان لێبکات، دەتوانن لە هەناردەکردنی بەرهەمە کشتکوکاڵییەکان کاری زیاتر بکەن و بە سەدان هەزار کەسیش سوودمەند دەبن "ئێستا لەلای ئێمە 120 تاوەکو 150 کرێکار لە تیمەکان و باخەکان کار دەکەن، ئەگەر پشتیوانی جووتیاران بکرێت و کەرتی کشتوکاڵ ببووژێتەوە، ئەوا دەستی کاری نێوخۆش کاری زیاتری دەستکەوێت، لە سێ مانگدا نزیکەی 9 هەزار خێزان لە کارەکانی ئێمە سوودمەند بوون.
هەناری ئەرمشتێی زاخۆ هەناردە دەکرێت
بەشێک لەو هەنارەی لە چەند رۆژی رابردوو هەناردەکراوە، هەناری سنووری زاخۆیە لە پارێزگای دهۆک، بەڵام بەڕێژەیەکی کەمتر لەو هەنارەی لە هەڵەبجەوە هەناردەکراوە.
گوندی ئەرمشتێ، یەکێکە لەو گوندانەی زۆرترین بەرهەمی هەنار و بەناوبانگترین هەنارەکانی پارێزگاکە و کوردستانی تێدایە. لە گوندەکە 127 باخی هەنار هەیە و 73 جووتیار خاوەندارێتی دەکەن، بەشێک لە جووتیارانی گوندەکە زیاتر لە دوو باخی هەناریان هەیە.
گوندی ئەرمشتێ دەکەوێتە دەشتی سلێڤانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، سەلمان محەممەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ساڵانە بڕێکی زۆری هەنار لە دهۆک بەرهەمدێن، بەڵام هەناری زاخۆ ناسراوترە."
ئەمساڵ بەرهەمی هەناری ئەرمشتێ لەنێوان 30-40 تۆن بووە و بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بەرهەمەکەی کەمیکردووە، وەک جووتیاران دەڵێن، ئەوەش بەهۆی کەمیی ئاو و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بووە.