هەولێر و بەغدا لەبارەی یەکخستنی کەمپی ئاوارەکان رێککەوتن

07-12-2022
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى حکومەتى فیدراڵیى عێراق لەبارەى یەکخستنى کەمپى ئاوارەکان لە هەرێمى کوردستان رێککەوتن، بڕیارە هەفتەى داهاتوو رێوشوێنەکان دابنرێن و لە سەرەتاى ساڵى داهاتوودا جێبەجێ بکرێن.
 
رۆژی چوارشەممە، 7ى کانوونى یەکەمى 2022، حوسێن کەلارى، بەڕێوەبەرى گشتیى هاوئاهەنگیى قەیرانەکان لە وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "رۆژانى 4 و 5ى کانوونى یەکەم لە بەغدا لەگەڵ نوێنەرانى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق کۆبووینەوە و رێککەوتین لەبارەى پڕۆژەى تێکەڵکردنى کەمپى ئاوارەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق لە هەرێمى کوردستان."
 
بەڕێوەبەرى گشتیى هاوئاهەنگیى قەیرانەکان لە وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان گوتیشی، "هەفتەى داهاتوو کۆبوونەوەیەکى دیکە دەکەین بۆ دانانى رێوشوێن و میکانیزمەکانى جێبەجێکردنى ئەو پرۆسەیە کە ئەگەر هەیە بکەوێتە مانگى کانوونى دوەمى 2023."
 
حوسێن کەلارى دەشڵێت، "لە سنوورى سلێمانى دوو کەمپ و لە هەولێر سێ بۆ چوار کەمپى ئاوارە دەمێننەوە و ئەوانى دیکە تێکەڵ دەکرێن بەگوێرەى کەمبوونەوەى ژمارەى ئاوارەکان لە کەمپەکاندا، بەڵام کەمپى ئاوارەکانى دهۆک کە زۆرینەیان خەڵکى شنگالن دەستکاریی ناکرێن و ئەو تێکەڵکردنە نایانگرێتەوە."
 
لە هەرێمى کوردستان 15 کەمپى ئاوارە هەن، شەش-یان لە هەولێر و چواریان لە سلێمانى و پێنجەکەى دیکە لە دهۆکن کە نزیکەى 600 هەزار ئاوارەیان تێدایە.
 
یەکى کانوونى یەکەمى 2022، ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان دۆخى کەمپى ئاوارەکانیان لە هەرێمى کوردستان تاوتوێ کرد، یەکێک لە پرسەکان تێکەڵکردنى کەمپى ئاوارەکان بوو.
 
حوسێن کەلارى گوتى: "بۆچوونى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران وەک پێشوو نەماوە کە داوایان دەکرد کەمپەکان دابخەن، رێککەوتین کە گەڕانەوەى ئاوارەکان بکرێتە خۆویستانە و هەتاوەکو دۆخى ئابوورى و ئەمنى لە ناوچەکانیان فەراهەم نەکرێت، ناگەڕێندرێنەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە