رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە سنووری ئاواییەکانی دارا و مەنسوور لە حەفتەغار لە سنووری کەرکووک شەڕ لەنێوان جووتیارانی کوردی خاوەن زەویوزاری ناوچەکە و عەرەبی هاوردە روویدا. جووتیارێکی کورد دەڵێت، بە 100 کەسەوە هێرشیان کردووەتە سەریان و دوو جووتیاری کورد لە شەڕەکەدا بریندار بوون.
مەلا حەسەن گەرمیانی، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەی سێ رۆژە عەرەبی هاوردە هاتوونەتە سنووری حەفتەغار و زەویی کورد دەکێڵن، چەندین جار داوا لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان کراوە رێگری بکەن، بەڵام گوێیان بە جووتیارانی کورد نەداوە."
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی گوتیشی: "ئەمڕۆ جووتیاری کورد کۆبوونەوە و خۆیان بۆ بەرگری لە خاکەکەیان و رێگری لە کێڵانی زەوییەکانیان ئامادە دەکرد، بەڵام شەڕ و ئاڵۆزی دروست بوو، بەهۆیەوە دوو جووتیاری کورد بریندار بوون."
عەبدولقادر، یەکێک لەو جووتیارە کوردەی کە لە شەڕەکەدا برینداربووە بۆ هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک قسەی کرد، رایگەیاند، دوو سێ رۆژە هاوردەکان جووت دەکەن و ئەوان رێگرییان لێدەکەن. "ئەمڕۆ خۆمان چووین بۆ رێگریی لێیان کە لە زەوییەکەی من جووتیان دەکرد. من سەنەد تەملیکم هەیە هی ساڵی 1972ـەوە. گرێبەستی سەردەمی عەبادیم هەیە ساڵی 2018."
ئەو جووتیارە کوردە باس لەوەش دەکات، ئەو زەوییانە لە باوک و باپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە. لەبارەی شەڕەکەی ئەمڕۆیشەوە گوتی، "چووین بینیمان چوار تراکتۆر جووتیان دەکرد. سوپا گوتی ناهێڵین جووت بکەن، بەڵام راست ناکەن، سوپا پشتی ئەوان دەگرێت. چووینە سەریان و رایان کرد، بەڵام دواتر بە 100 کەسەوە هاتن، بە دەمانچە و بە دار و بەردەوە. تەقەیان لێم کرد، شتێک بەر سەرم کەوتووە نازانم گولـلەیە یان بەردە."
بەگوتەی ئەو جووتیارە، دوو جووتیاری کورد لە شەڕەکەدا بریندار بوون کە یەکێکیان لە نەخۆشخانەیە.
مەلا حەسەن راشیگەیاند، بۆ نێوەندگیری، هێزێکی سوپا چوونە ناوچەکە، بەڵام نەیانتوانی ئەو چەکانە لە هاوردەکان بستێنن کە بەو چەکانە تەقەیان لە جووتیارە کوردەکان دەکرد.
بەگوتەی مەلا حەسەن، "هاوردەکان زیاتر لە دوو هەزار و 100 دۆنم زەوی کوردیان کێڵا و ئەمڕۆ دوای شەڕ و ئاڵۆزییەکان چوار تراکتۆریان لەسەر زەوییەکان جێهێشتووە."
ئەو لێپرسراوەی یەکێتی کە خۆیشی خەڵکی ناوچەکەیە دەشڵێت، "ئێستا دۆخەکە هێوربووەتەوە و هێزەکان دەستیان بەسەر تراکتۆرەکاندا گرتووە." باس لەوەش دەکات کە چاوەڕێدەکەن سوپا و هێزە ئەمنییەکان رێگە لەو پێشێلکارییانەی هاوردەکان بگرن و نەهێڵن چیدیکە بچنەسەر زەویوزاری کورد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ