25 سەر ئاژەڵ لە ئاکرێ مردار بوون


رووداو دیجیتاڵ

ئاژەڵدارێکی سنووری ئاکرێ دەڵێت، بەهۆی خواردنی گیای ژەهراوییەوە 25 سەر ئاژەڵی مردار بوون. 
 
سەرباز محەممەد، ئاژەڵدارێکی گوندی کێلە سینانە لە شارۆچکەی بجیل لە پارێزگای دهۆک، رۆژی چوارشەممە، 7-12-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ ئاژەڵەکانمان جۆرێک گیایان خوارد کە ئێمە پێی دەڵێین هەلاڤە و نابێ بیخۆن، بەڵام شوانەکە نەشارەزابوو. شوێنەکەش 500 مەتر لە ماڵی خۆمانەوە دوورە. بەهۆی خواردنی ئەو گیایەوە 25 سەر ئاژەڵمان مرداربوون".
 
ئاژەڵەکانی سەرباز محەممەد 80 سەر بوون؛ وەکو خۆی باسی دەکات، ئەوانەشی ماونەتەوە پێویستیان بە چارەسەری پزیشکییە و دەشڵێت: "داواکارم حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریمان بکات و قەرەبوومان بکاتەوە؛ هەژارین و پێویستمان بەهاوکارییە".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تیمەکانیان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و سەردانی شوێنەکە دەکەن و گوتیشی: "دوو هۆکار هەیە بۆ ژەهراویبوونی ئاژەڵەکان، یەکەم، هەندێک گیا ژەهراوین و دەبێت ئاژەڵدار ئاگاداری ئاژەڵەکانی بێ. دووەمیش کاتی چاندنی گەنمە و رەنگە ئاژەڵەکان ماددەی کیمیاییان خواردبێ. دوای لێکۆڵینەوەکانمان هۆکارەکە روون دەکەینەوە".
 
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە رێگەی نووسراوەوە بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵی گوتووە، نابێت نووسراوی تایبەت بە قەرەبوویان بۆ هیچ مەبەستێک بۆ بنێرن.
 
هەروەها شاهۆ فەتحوڵڵا، پزیشکی ڤێتێرنەری ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە هەموو هەرێمی کوردستان گیای ژەهراوی جۆراوجۆر هەن و رایگەیاند: "هەندێک کات ئاژەڵداران خەمساردی دەکەن، ئەگەرنا پێویستە هەموو وەرزگۆڕینێک کوتان بۆ ئاژەڵەکان بکەن. ئەو کاتە بەرگری هەناوییان بەهێزدەبێت و کەمتر مرداردەبن".
 
شاهۆ فەتحوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک ئاژەڵدار شارەزان و زوو دەزانن ئاژەڵەکەیان ژەهراوی بوون و هەربۆیە زوو دەرمانیان پێدەدەن و مردارنابن؛ ئەوانەشی کە بە قورسی ژەهراوی دەبن دەبێت لەژێرچاودێری پزیشکدا بن.