سەرۆکی دەزگای کاروباری مین: حەوت کێڵگەمان لە مین و پاشماوەکانی جەنگ پاککردەوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەزگای کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا بەبۆنەی پاککردنەوەی حەوت کێڵگە لە مین و پاشماوەکانی جەنگ رایگەیاند: "توانیومانە لەو حەوت کێڵگەیە زیاتر لە 600 مین و پاشماوەی جەنگیی هەڵبگرینەوە و هەر ئەمڕۆش زەوییە پاککراوەکان رادەستی خاوەنەکانیان دەکەینەوە." 
 
رۆژی چوارشەممە 07-12-2022، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە رێوڕەسمێکدا بەبۆنەی پاککردنەوەی حەوت کێڵگەی مینڕێژکراو لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "مینڕێژکردنی هەرێمی کوردستان بەسەر سێ قۆناخدا دابەشدەبێت، قۆناخی یەکەم لە شەستەکانی سەدەی رابردووەوە دەستپێدەکات کە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەرپاکرا و تا ساڵی 2003 و رووخانی رژێمی بەعس بەردەوامبوو." 
 
جەبار مستەفا گوتی: "لە قۆناخی دووەم، بەشێکی زۆر لە خاکی هەرێمی کوردستان بوو بە مەیدانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران 1980 - 1988 و لەلایەن هەردوو وڵاتی داگیرکەرەوە دەستکرا بە مینڕێژکردنی خاکەکەمان. قۆناخی سێیەم، لە دەرکەوتنی تیرۆریستانی داعش بەشێکی زۆری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تەکنیک و ئامێری نوێ مینڕێژکران و بۆمبی چێندراویان لێ دانرایەوە." 
 
سەرۆکی دەزگای کاروباری مین ئاماژەیدا: "ساڵی 1992 حکومەتی هەرێمی کوردستان رووپێوییەکی گشتی بۆ ناوچە مینڕێژکراوەکان کرد و دەرکەوت 776 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاکی هەرێمی کوردستان بە مین و پاشماوەی جەنگی پیسبووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هاوبەشەکانی لە بەرنامەی مین، توانراوە تاوەکو ئێستا 521 کیلۆمەتری چوارگۆشە پاکبکرێتەوە و هێشتا 255 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە هەرێمی کوردستان ئالودەی مین و پاشماوەی جەنگییە." 
 
بە گوتەی جەبار مستەفا، بەهۆی بڕینی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و قەیرانی دارایی "لەماوەی چەند ساڵی رابردوو نەتوانرا وەکو پێویست بەرنامەی پاککردنەوەی مین جێبەجێبکرێت و هەوڵماندا پاڵپشتی نێودوڵەتی بۆ بەردەوامبوونی کارەکەمان بدۆزینەوە، تاکە وڵات کە بەدەم داواکەمانەوە هات، وڵاتی سلۆڤینیا بوو کە ساڵی 2021 بڕیاریاندا دەست بە هاوکاریکردنمان بکەن." 
 
راشیگەیاند: "ئەمساڵ بە هاوکاری وڵاتی سلۆڤینیا حەوت کێڵگەی مینمان پاککردەوە کە پێنجیان لە سنووری قەزای کۆیە، لە ناحیەی شۆڕش، گوندی سوسێ بووە و کێڵگەیەک لە سنووری قەزای چۆمان و کێڵگەیەکیش لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بوو کە زیاتر لە 600 مین و پاشماوەی جەنگییان تێدابووە و ئەمڕۆ زەوییەکان رادەستی خاوەنەکانیان دەکەینەوە." 
 
جەبار مستەفا گوتیشی: "ئێستا لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تیمەکانمان بە هاوکاری وڵاتی سلۆڤینیا دەستیان کردووە بە هەڵگرتنەوەی مین و پاشماوەکانی شەڕ و بەپێی پلان لەو کێڵگانە کار دەکەین کە لە ئاوەدانی نزیکن و شوێنی هاتووچۆی هاووڵاتییانن."