رێگە بە جووتیارانی پێنج گوندی سنووری سەرگەڕان نادرێت زەوییەکانیان بکێڵن

07-12-2022
کاوار ساڵح
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هاونیشتمانییەکی گوندی پەلکانەی سنووری کەرکووک دەڵێت، چوار بۆ پێنج رۆژە سوپای عێراق گوشارەکانی بۆ سەر جووتیارانی پێنج گوند زیادکردووە بۆ ئەوەی زەوییەکانیان نەکێڵن. سەرۆکی لیژنەی جووتیارانی سەرگەڕانیش دەڵێت، "بڕیارێک دراوە هەموو زەوییەکانمان بکێڵین تەنها هەندێک نەبن کە کێشەیان یەکلانەبووەتەوە، بەڵام سوپا کار بەو بڕیارە ناکات و رێگەنادات جووتیاران لەسەر هیچ زەوییەک کار بکەن."
 
هاونیشتمانییەکی گوندی سەرگەڕان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "چەند شەوێکە بە دزی و بە تاریکی دەچینە سەر زەوییەکانمان بۆ ئەوەی جووت بکەین، دوێنێ شەو سوپای عێراق بە هەمەرەوە هاتووەنەتە سەرمان و ئێمەیان لەسەر زەوییەکان دەرکردووە لە کاتێکدا مۆڵەتی کارپێکردنی زەوییەکانمان هەیە."
 
ئەو هاونیشتمانییە کە لە هەمانکاتدا پێشمەرگەیە دەڵێت، گوشاری سوپا لەسەر جووتیارانی سنوورەکە چوار بۆ پێنج رۆژە زیادی کردووە؛ ئەفسەرێک کە بەسەر گوندەکاندا دەگەڕێت بە قسەی عەرەبی هاوردە دەکات و بە قسەی سەرەوەی خۆی ناکات کە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە بڕیاردراوە کێشە بۆ جووتیاران دروست نەکات."
 
بەپێی قسەی ئەو هاونیشتمانییە ئەم کێشەیە لە سنووری گوندەکانی، پەلکانە، سەربەشاخ، گابرەکە، شەناغە و غەرابە هەیە کە دەکەونە سنووری ناوچەی سەرگەڕانی سنووری پارێزگای کەرکووک.
 
بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە سوپای عێراق بە ئامادەبوونی نوێنەرانی جووتیارانی ئەو پێنج گوندە و ئەو ئەفسەرەی رێگە بە جووتیارەکان نادات کار لەسەر زەوییەکانیان بکەن، کۆبوونەوە.
 
محەممەد ئەمین، سەرۆکی لیژنەی جووتیارانی سەرگەڕان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک بڕیاردرا کار بە هەموو زەوییەکانمان بکرێت تەنها هەزار دۆنم نەبێت لە کۆی 50 هەزار دۆنمی هەموو زەوییەکانی ئەو پێنچ گوندە، بەڵام فەرماندەی فیرقە و ئامر فەوج رێککەوتوون کە بڕیارەکە جێبەجێنەکەن و ئێستا رێگەنادەن جووتیارانی کورد کار لەسەر هیچ یەکێک لە زەوییەکانیان بکەن."
 
سەرۆکی لیژنەی جووتیارانی سەرگەڕان دەشڵێت، "دوێنێ دوو برازا و کوڕێکم لە کاتی کێڵانی زەوییەکانیاندا لەلایەن سوپاوە دەستگیرکران و دواتر ئازادکران، رۆژانە چەند جووتیارێک دەستگیردەکرێن و لەلایەن سوپاوە سووکایەتیشیان پێدەکرێت.. لە کۆتاییش دادگە هەر بڕیاری ئازادکردنیان دەدات، چونکە هیچ بەڵگەیەکیان بەدەستەوە نییە، ئەمەش هەمووی بۆ هەراسانکردنی کوردە لەو سنوورە." 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە