فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانی دەوروبەری دوو گوندی ناحیەی باتیفای کرد


رووداو - دهۆک

فڕۆکەیەکی جەنگی بۆردوومانی دەوروبەری گوندەکانی بانکا سەروو و بانکا خوارووی سەر بە ناحیەی باتیفا و قەزای زاخۆی کرد و بەهۆیەوە کارەبای گوندەکان پچڕا و زیانی ماددی کەوتەوە.


هاونیشتمانییەکی یەکێک لە گوندەکان دەڵێت، لەو دوو گوندە زیان بەر چەند خانوویەک کەوتوون. بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفا دەڵێت، ئەمڕۆ تیمەکانیان دەچنە گوندەکان، بۆئەوەی چارەسەری کارەبایان بۆ بکەن. بەپێی زانیارییەکان، لەکاتی بۆردوومانەکەدا، پارچەی تاشەبەردێک بەربووەتەوە و بەر ئۆتۆمبێلێک کەوتووە.
 
حاجى حوسێن، دانیشتووی گوندى بانکا سەروو بە رووداوی راگەیاند، درەنگانى شەوى رابردوو فڕۆکەکانى تورکیا نزیک گوندى بانکا سەروویان بۆردوومان کرد. بەپێی زانیارییەکانیش زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی کەوتووەتەوە.
 
دەربارەى ئەو زیانانەی بەر خەڵکی ناوچەکە کەوتوون، ئەو دانیشتووەی گوندەکە گوتی، کارەبای هەردوو گوندى بانکا سەروو و بانکا خواروو پچڕاوە و زیان بەر پەنجەرەى چەند خانوویەک کەوتوون.
 
دلشێر عەبدولستار، بەڕێوەبەرى ناحیەی باتیفا هەواڵەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، ئاگادارکراون کە فڕۆکەکانى تورکیا نزیک گوندى بانکا سەروو و بانکا خواروویان بۆردوومان کردووە و کارەبای ئەو گوندانەش بەو هۆیەوە پچڕاوە، ئاماژەی بەوەش کرد "هیچ زیانى گیانى بەر خەڵکى ناوچەکە نەکەوتووە، بەڵام زیان بەر کارەبای ئەو گوندانە و خانووى چەند هاووڵاتییەک کەوتووە، ئەمڕۆ تیمەکانمان دەنێرینە ئەو گوندە بۆئەوەى بە دروستى زیانەکان بزانن و کارەباکە چارەسەربکەن".
 
لە دوو هەفتەدا ئەمە دووەمجارە بەهۆی بۆردوومانەوە زیان بە کارەبای ئەو گوندانە گەیێندراوە، بەڕێوەبەرى ناحیەی باتیفا دەڵێت، دوو هەفتە پێش ئێستا تۆپخانەکانى تورکیا ئەو ناوچانەیان بۆردوومان کردووە و زیان بەر کارەبای ئەو دوو گوندە کەوتووە.