بەبۆنەی 100 رۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەم مەسروور بارزانی گوتارێک پێشکێش دەکات
رووداو-هەولێر
ئەمڕۆ شەممە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی تێپەڕبوونی سەد رۆژی کارکردن بە سەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، گوتارێکی تەلەڤزیۆنی دەبێت و کار و کردەوەکانی کابینەکەی لەو ماوەیەدا بۆ خەڵکی کوردستان رووندەکاتەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا کە بڕیارە کاژێر 20:00 ـی ئەمڕۆ لە کەناڵەکانی راگەیاندن پەخش بکرێت، باسی دەسکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سەد رۆژی کارکردنیدا دەکات.
رۆژی 4-12-2019 سەد رۆژی کارکردن بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێپەڕی. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا باسی ئەم تەوەرانە دەکات:
- پرۆسەی چاکسازیی کارگێڕی و دارایی
- رووبەڕووبوونەوە و سنوورداركردنی گەندەڵی
- گەشەپێدانی وەبەرهێنان و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری
-باشترکردنی پەیوەندی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها رایدەگەیێنێت: "لەگەڵ گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیارە راپۆرتێکی پڕ لە وردەکاری و زانیاریی تایبەت بە سەد رۆژی کارکردن لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە دەزگاکانی راگەیاندن بڵاو بکرێتەوە".